دوایین ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی سه‌باره‌ت به‌جگه‌ره‌و مه‌ترسییه‌كانی له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ، له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌وه تا ئێستا، زیاتر له (60) ملیۆن كه‌س له‌جیهاندا به‌هۆی جگه‌ره‌كێشانه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، كه ته‌نها له‌ساڵی (2002)دا چوار ملیۆن كه‌س به‌هۆی جگه‌ره‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت له‌دوای ساڵی (2020)وه، ساڵانه ئه‌و ژماره‌یه بۆ (10) ملیۆن كه‌س به‌رزببێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جگه‌ره زیانێكی زۆر به‌ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام ڕیكلامكردن بۆی له‌شوێنه گشتییه‌كان‌و سه‌ر شه‌قامه‌كاندا به‌رده‌وامه.
(د. محه‌مه‌د جه‌بر) جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق سه‌باره‌ت به‌ڕیكلامكردن بۆ جگه‌ره‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاوڵاتییان به NNA ڕاگه‌یاند، به‌پێی یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌كێشان له‌شوێنه گشتیه‌كان‌و ڕیكلامكردن بۆ جگه‌ره‌و نێرگه‌له، كه له‌ساڵی (2012)دا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه ده‌رچووه، پێویسته به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه نه‌درێت جگه‌ره له‌شوێنه گشتیه‌كان‌و داموده‌زگاكانی حكومه‌تدا بكێشرێت، هاوكات به‌پێی یاساكه ڕیكلامكردن بۆ جگه‌ره‌و نێرگه‌له قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت.
(د. محه‌مه‌د جه‌بر) وتیشی:”دوای ده‌رچوونی یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌كێشان‌و ڕیكلامكردن بۆیان، له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ساڵی (2012)دا، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌كانی چاودێرییه‌وه به‌ووردی چاودێری شوێنه گشتیه‌كان‌و داموده‌زگاكانی حكومه‌ت ده‌كات، هاوكات به‌مه‌به‌ستی لابردنی ڕیكلامه‌كانی جگه‌ره له‌سه‌ر شه‌قام‌و باڵه‌خانه‌كان، لیژنه‌كانی چاودێریی سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنانه‌یان ئاگاداركردووه‌ته‌وه، كه به‌زوترین كات ئه‌و ڕیكلامانه لابه‌رن، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا دووچاری سزای یاسایی ده‌بنه‌وه.
جگه‌ره‌كێشان به‌بكوژی هێواش یان به‌بكوژی نهێنی داده‌نرێت، به‌تایبه‌تی له‌وڵاتانی هه‌ژاردا، له‌ڕاپۆرته‌كه‌ی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهاندا هاتووه، له‌ئێستادا ژماره‌ی جگه‌ره‌كێشان له‌جیهاندا گه‌یشتووه‌ته دوو ملیار كه‌س، كه نزیكه‌ی یه‌ك ملیاریان له‌وڵاتانی هه‌ژاردان.
(د. خاڵس قادر) وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌قه‌ده‌غه‌كردنی ڕیكلامكردن بۆ جگه‌ره‌و نێرگه‌له له‌كوردستاندا بۆ NNA ڕونكرده‌وه، ڕیكلامكردن به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك بۆ جگه‌ره‌و نێرگه‌له قه‌ده‌غه‌یه، به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كه‌وتووه، له‌هه‌ندێك شوێنی كه‌مدا ڕیكلامكردن بۆ جگه‌ره‌و نێرگه‌له هه‌بووه، ڕاسته‌وخۆ تیمه‌كانی چاودێری ته‌ندروستی وه‌زاره‌ت ئاگاداری ئه‌و شوێنانه‌ی كردووه‌ته‌وه، له‌ئێستاشدا له‌ڕێگه‌ی تیمه‌كانی چاودێریی ته‌ندروستیی‌و به‌شه‌كانی ڕاگه‌یاندن له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه گشتیه‌كانی وه‌زاره‌ت، به‌ووردی چاودێریی ئه‌و شوێنانه ده‌كرێت، هه‌ر شوێنێك یان هه‌ر لایه‌نێك ڕیكلام بۆ جگه‌ره‌و نێرگه‌له بكات، ئه‌وا ئه‌و شوێنه سزا ده‌درێت، به‌ڵام هه‌ندێكجار به‌پێی یاساكه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ناتوانێت ببێته ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكار‌و ڕاسته‌وخۆ لایه‌نی سه‌رپێچیكار سزابدات، چونكه ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌بواری ڕیكلامدا كارده‌كه‌ن، په‌یوه‌ندیان به‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیه‌وه نییه، بۆیه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌و حاڵه‌تانه‌دا په‌نا بۆ دادگا ده‌بات، داوا له‌دادگا ده‌كات، سزای ئه‌و كه‌س لایه‌نانه بدات، كه ڕیكلام بۆ جگه‌ره‌و نێرگه‌له ده‌كه‌ن.
(د. خاڵس قادر) وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان وتیشی:”یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌كێشان‌و ڕیكلامكردن بۆیان، سه‌رجه‌م شوێنه گشتییه‌كان‌و ڕێگاوبان‌و شه‌قامه سه‌ره‌كییانی نێوان شاره‌كان ده‌گرێته‌وه، وه‌زاره‌ت ئه‌و كه‌س‌و لایه‌نه‌ی هه‌ڵده‌سێت به‌ڕیكلامكردنه‌كه سزاده‌دات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌ت ئاگاداری سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی هاورده‌كردنی جگه‌ره‌ی كردووه‌ته‌وه، له‌ڕێنمایی نوێی وه‌زاره‌تیشدا كه مانگی داهاتوو ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌ڵێننامه به‌سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه پڕده‌كرێته‌وه، كه له‌بواری بازرگانی جگه‌ره‌دا كارده‌كه‌ن، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕیكلام بۆ جگه‌ره‌و نێرگه‌له نه‌كه‌ن، واته هه‌ر كۆمپانیایه‌كی هاورده‌ی جگه‌ره ڕیكلام له‌كوردستاندا بۆ جگه‌ره بكات، ئه‌وا له‌جاری داهاتوودا به‌پێی ڕێنماییه یاساییه‌كان ڕێگه‌ی پێ‌نادرێت هاورده‌ی جگه‌ره بۆ ناو كوردستان بكات.
جگه‌ره‌كێشان هۆكارێكی سه‌ره‌كییه بۆ توشبوون به‌نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه‌ی سی‌و قورگ‌و ده‌م‌و گه‌ده‌و كۆڵۆن، هاوكات به‌هۆی جگه‌ره‌كێشانه‌وه مرۆڤ دووچاری جه‌ڵته‌ی مێشك‌و دڵ ده‌بێته‌وه.
سه‌باره‌ت به‌یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌كێشان له‌شوێنه گشتییه‌كان‌و ڕیكلامكردن بۆیان (هاوڕاز شێخ ئه‌حمه‌د) ئه‌ندامی لیژنه‌ی ته‌ندروستی په‌رله‌مانی كوردستان به NNA ڕاگه‌یاند، یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌كێشان له‌شوێنه گشتییه‌كان‌و ڕیكلامكردن بۆ جگه‌ره‌و نێرگه‌له، چه‌ند ساڵێكه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ده‌رچووه، به‌گوێره‌ی یاساكه هه‌ركه‌سێك له‌شوێنه گشتییه‌كاندا جگه‌ره بكێشێت، ئه‌و كه‌سه به(10) هه‌زار دینار سزاده‌درێت، خاون شوێنه‌كه‌ش به (60) هه‌زار دینار سزاده‌درێت، هاوكات له‌یاساكه‌دا هاتووه، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕیكلامكردن بۆ جگه‌ره‌و نێرگه‌له قه‌ده‌غه‌كراوه، به‌ڵام تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی جدی ئه‌و یاسایه جێبه‌جێنه‌كراوه، جگه‌ره كێشان له‌شوێنه گشتییه‌كان‌و ڕیكلامكردنیش بۆ جگه‌ره‌و نێرگه‌له به‌رده‌وامیان هه‌یه، كه ئه‌وانه‌ش پێشێلكاریی ڕاسته‌وخۆی یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌كێشان‌و ڕیكلامكردنه بۆیان.
له‌پێكهاته‌ی جگه‌ره‌دا (400) ماده‌ی كیمیایی هه‌یه، كه (100)یان مه‌وادی ژه‌هراویه، (43) ماده‌ی دیكه‌یان ماده‌ی هۆشبه‌ره كه مرۆڤ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه ده‌كات، له‌وانه ماده‌ی نیكۆتین، كه هۆكاری سه‌ره‌كییه بۆ توشبوونی مرۆڤ به‌نه‌خۆشی شێرپه‌نجه.
(هاوڕاز شێخ ئه‌حمه‌د) سه‌باره‌ت به‌جێبه‌جێنه‌كردنی یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌كێشان‌و ڕیكلامكردن بۆ جگه‌ره‌و نێرگه‌له، له‌هه‌رێمی كوردستاندا وتی:”ئێمه وه‌ك لیژنه‌ی ته‌ندروستی په‌رله‌مانی كوردستان، كێشه‌مان له‌یاساكه‌دا نییه، به‌ڵكو كێشه‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نی جێبه‌جێكاری یاساكه‌دا هه‌یه، چه‌ندجارێكیش لیژنه‌ی ته‌ندروستی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته قسه‌ی كردووه‌و لایه‌نی په‌یوه‌ندیكاری له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه ئاگاداركردووه‌ته‌وه، كه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕیكلامكردن بۆ جگه‌ره‌و نێرگه‌له له‌شوێنه گشتییه‌كان‌و سه‌ر شه‌قام‌و ڕێگه سه‌ره‌كییه‌كانی نێوان شاره‌كانی كوردستاندا قه‌ده‌غه‌یه، به‌ڵام تا ئێستا لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان وه‌ك پێویست ئه‌و یاسایه‌یان جێبه‌جێنه‌كردووه، كه ئه‌وه‌ش كاره‌ساته شتێك به‌یاسا قه‌ده‌غه‌كرابێت‌و ڕیكلامكردن بۆی به‌رده‌وامبێت، چونكه كه‌م یاسا هه‌یه له‌په‌رله‌ماندا ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌وه‌زاره‌تێكه‌وه هه‌بێت، بگره زۆرێك له‌یاساكان په‌یوه‌ندی به‌چه‌ند وه‌زاره‌تێكه‌وه هه‌یه، كه پێویسته له‌سه‌ر ئه‌و وه‌زاره‌تانه ئه‌و یاسایانه وه‌ك خۆی جێبه‌جێبكه‌ن.
له‌ساڵی (2012) ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌كۆی ده‌نگ پرۆژه‌یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌كێشان‌و ڕیكلامكردن بۆ جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌ی له‌شوێنه گشتییه‌كاندا په‌سه‌ندكرد، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و یاسایه وه‌ك خۆی له‌عێراقدا جێبه‌جێنه‌كراوه.
(لانه محه‌مه‌د عه‌لی) ئه‌ندامی لیژنه‌ی ته‌ندروستی‌و ژینگه له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ NNA ڕونكرده‌وه، لیژنه‌ی ته‌ندروستی‌و ژینگه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دوو ئه‌ركی سه‌ره‌كی هه‌یه، یه‌كه‌میان ئه‌ركی یاسادانان‌و دووه‌میشیان ئه‌ركی چاودێریكردنه، وه‌ك ئه‌ركی یاسادانان لیژنه‌كه‌یان له‌ساڵی ڕابردوودا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م‌و دووه‌می بۆ پرۆژه‌یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌كێشان له‌شوێنه گشتییه‌كان‌و ڕیكلامكردن بۆ جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌ی كرد، پاشان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پرۆژه‌یاساكه به‌كۆی ده‌نگ په‌سه‌ندكرا، دوای په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاساكه، پێویسته له‌سه‌ر لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراقه، ڕێنمایی تایبه‌ت به‌و یاسایه ده‌ربكات‌و گشتاندنی به‌سه‌ر شوینه گشتییه‌كان‌و سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌گشتییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیدا پێبكات، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی لیژنه‌ی ته‌ندروستی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش، له‌ئێستادا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌دا، ڕێنمایی پێویستیان به‌و یاسایه ده‌ركردووه، چونكه له‌یاساكه‌دا لایه‌نی سزادانی تێدایه، كه ئه‌وه‌ش تایبه‌ته به‌تیمه‌كانی چاودێری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی.
(هه‌ڵگورد جوندیانی) به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری هه‌رێمی كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ڕۆڵی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری له‌قه‌ده‌غه‌كردنی جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌كێشان‌و ڕیكلامكردن له‌هه‌رێمی كوردستاندا به NNA ڕاگه‌یاند، له‌هه‌رێمی كوردستاندا یاسا‌و ڕێنمایی زۆر جوان هه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێكجار ئه‌و یاسا‌و ڕێنماییانه ته‌نها نوسراون‌و كاریان پێناكرێت، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، لاوازی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌كردن له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه، چونكه حكومه‌ت له‌هه‌موو دنیادا به‌واتای بڕیاردان‌و جێبه‌جێكردن دێت، كه بڕیاردانیش پێویستی به‌ویفاق‌و سازانی نیشتمانی نییه، له‌ئێستاشدا له‌شاری هه‌ولێر به‌ده‌یان ڕیكلامی گه‌وره بۆ جگه‌ره‌و نێرگه‌له ده‌بینرێت، بۆ نمونه له‌مۆڵی چراخان ڕیكلام بۆ جۆرێك نێرگه‌له ده‌كرێت، كه كۆمپانیایه‌ك له‌به‌غداوه هێناوێتیه كوردستان، هاوكات به‌ده‌یان ئۆتۆمبێل له‌شاره‌كانی كوردستاندا به‌ڕیكلامی جگه‌ره داپۆشراون، كه ئه‌وانه‌ش پێچه‌وانه‌ی یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌كێشان‌و ڕیكلامكردنه بۆیان له‌شوێنه گشتییه‌كاندا، كه یاسایه‌ك له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رده‌چێت بۆچی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ئه‌ركی خۆیان هه‌ڵناسن، وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریش له‌و باره‌یه‌وه كه‌مته‌رخه‌مه، چونكه تا ئێستا ڕێنماییه‌كانی نه‌كه‌وتووه‌ته بواری جێبه‌جێكردن، ئه‌گه‌ر بشكه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه له‌به‌ر ئه‌و ململانێ سیاسییه‌ی ئێستا له‌كوردستاندایه، ده‌خرێته چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته‌وه، به‌دڵنیایشه‌وه له‌ئێستادا له‌نێو حكومه‌ت‌و ئۆپۆزسیۆن‌و ئۆرگانه‌كانی حكومه‌ت‌و كه‌رتی تایبه‌ت‌و هاوڵاتییاندا، یه‌ك وتار هه‌یه كه ئه‌ویش بریتیه له‌وه‌ی نایانه‌وێت كۆمه‌ڵگه به‌ره‌وپێشه‌وه بچێت، چونكه مه‌عقول نییه كه یاسایه‌ك سێ ساڵه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ده‌رچووه، له‌یاساكه‌دا هاتووه، كه ڕیكلامكردن بۆ جگه‌ره‌و نێرگه‌له به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه، به‌ڵام تا ئێستا كاری پێناكرێت.
NNA