دەستەی وەبەرهێنانی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە دوو ساڵی رابردوودا ٩٣ مۆڵەتی بە قەبارەی زیاتر لە دوو ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار داوەتە وەبەرهێنەران و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانیش رایدەگەیەنێت کە لەمیانی ساڵی رابردوودا ٥٩٠ پڕۆپۆزەڵی نوێ بە بڕی زیاتر لە ١٢ ملیار دۆلار پێشکەشکراون و چاوەڕێی ئەوەیش دەکەن کە دوای کەمبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئاراستەی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان زیاد بکات.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، محەمەد شوکری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا پوختەی کارەکانی دەستەکەی لەماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا خستەڕوو.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان محەمەد شوکری وتی: “پڕۆسەی وەبەرهێنان لە ماوەی ساڵی رابردوودا سەرەڕای قەیرانەکان، هەنگاوی باشی بڕیووە و دەتوانین بڵێین پڕۆسەکە لە کاتی ئاساییشدا هەر بەم شێوەیە دەبوو، ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر ئەو رێکارانەی لەماوەی رابردوودا گیراونەتەبەر”.
محەمەد شوکری گوتیشی: “توانیوومانە لەماوەی ساڵی رابردوودا ٩٣ مۆڵەتی وەبەرهێنان بە قەبارەی زیاتر لە دوو ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بدەینە وەبەرهێنەران لە هەمانکاتدا ٥٩٠ پڕۆپۆزەڵی نوێ پێشکەشی دەستەی وەبەرهێنان کراوە، کە لە سەرووی ١٢ ملیار دۆلار دەبێت، بەتایبەت کە وەبەرهێنەری گەورەی بیانیی تیاییدایە، چاوەڕێی ئەوە دەکەین دوای کەمبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئاراستەی وەبەرهێنەری بیانی بۆ هەرێم زیاتر بێت”.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەشکرد کە لەمەودوا رێکارەکانی پێدانی مۆڵەت بۆ بەرهێنەران ئاسانکاری زۆری تیاییدا کراوە و بەجۆرێک لەماوەیەکی زۆر کەمدا وەبەرهێنەر دەتوانێت مۆڵەتەکەی وەرگرێت، وتیشی: “لە ساڵی رابردوو بەجێگەیاندنی هەمواری یاسای وەبەرهێنان کارێکی دیکەی دەستەکەمان بووە، کە ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و لە قۆناغی کۆتاییدایە، ئەو هەموارە ئیمتیازاتی باش بۆ وەبەرهێنەران فەراهەم دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکیش سوودمەند دەبن لە یاساکە و بە گشتی باسی زۆنە پیشەسازییەکان کراوە کە بابەتێکی گرنگە و ئێمەیش وەکو دەستەی وەبەرهێنان و پەیامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشک دەخەنە سەر زۆنە پیشەسازییەکان”.
بەپێی قسەکانی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، محەمەد شوکری لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠٢٠ مۆڵەتی ١٨٤ پڕۆژەی نیشتەجێبوون دراوە بە وەبەرهێنەر و لە ساڵی ٢٠٢٠یشدا توانراوە بەشێکی زۆر لە پڕۆژە لەکار وەستاوەکان بەکاربخرێنەوە و ئەوانەیشی کە ماوە لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیاریان لەسەر دەدرێت.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان محەمەد شوکری وتیشی: “لە رێبەری نوێی وەبەرهێنان ١٧٠ پڕۆژەی کشتوکاڵی دەخرێتەڕوو، هەروەها زیاتر لە هەزار و ٢٦٦ پڕۆژەی دیکە لە بوارە جۆراوجۆرەکان دەخرێنەڕوو”.
بەپێی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان، کۆی گشتی مۆڵەتەکانی وەبەرهێنان بریتییە لە هەزار و ٨٥ مۆڵەت و لەو ژمارەیەش ٩٤٠ مۆڵەتیان کارپێکراوە و، ١٤٥ مۆڵەتیش هەڵوەشاوەتەوە.
بەپێی پۆڵێنی دەستەی وەبەرهێنان، سێکتەری پیشەسازی بە پلەی یەکەم دێت لە کۆی سێکتەرەکانی دیکەی وەبەرهێنان کە نزیکەی سەدا ٣٥ی قەبارەی گشتی وەبەرهێنانی پێکهێناوە، هەرچەندە لە ساڵانی رابروودا سێکتەری نیشتەجێبوون بە پلەی یەکەم دەهات بەڵام دوای بڕیاری چاکسازی سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەتی هەرێم ئەم ریزبەندییە گۆڕانکاری بەسەردا هات و، ریزبەندی ئێستای وەبەرهێنان بەم شێوەیە کە، پڕۆژەکانی پیشەسازی بریتیین لە ٢٣٨ پڕۆژە، نیشتەجێبوون ١٨٤ پڕۆژە، گەشتیاری ١٦٢ پڕۆژە، بازرگانی ١٦٣ پڕۆژە و سەرجەم سێکتەرەکانی دیکەیش بریتیین لە ١٩٨ پڕۆژە.