وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم پڕۆژەیەكی تایبەت بە دانانی (ستیكەر و باركۆد و لۆگۆی وەزارەت لەسەر بەرهەمە خۆماڵییەكان) ڕاگەیاند، وەكو هەنگاوێكی تری گرنگ پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵی (مریشك و پارچەكانی) دەكات، لەڕێگەی بەفەرمی ناساندنی سەربڕخانەكانی كوردستان لە وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، بێگەرد تاڵەبانی لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ خاوەن پڕۆژەی (سەربڕخانەكانی مریشك و پارچەكان) ڕایگەیاندووە، لەپێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و بەگەڕخستنەوەی سەربڕخانەكان و بەرهەمەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان و ناوەڕاست و باشووری عیراق و جیاكردنەوەی لە بەرهەمی هاوردەكراو بەشێوەیەكی نایاسایی، لەڕێگەی پڕۆژەیەكی فراوان لەگەڵ كۆمپانیایەك كە ئامادەكاریی و ڕێكارە یاساییەكانی گرتووەتەبەر بۆ مەبەستی بەكرداری كردنی دانانی، ستیكەر و باركۆد و لۆگوی تایبەتی لەسەر بەرهەمی خۆماڵی سەربڕخانەكان.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەم هەنگاوەش بۆ ئەوەیە لەمەودوا هاووڵاتیان بتوانن بە كوالێتی زۆرباش و نرخی گونجاو بەرهەمی خۆماڵی گۆشتی مریشك و پارچەكانی بەردەست بكەن، هەروەها، هەر لەو سیستەمەدا هاووڵاتیان بە ڕێگەی سەیركردنی سیستم و باركۆدەكان هەر ڕەخنەیەكیان هەبێت لە بارەی كوالێتی و نرخەكان دەتوانن ڕاستەوخۆ بیگەیەننە دیوانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو.
ئەوەشخراوەتەڕوو، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەڵێنیدا كە بۆ چارەسەری كێشەكان و ناساندنی دانانی ئەو ستیكەر و باركۆدانە لەسەر بەرهەمی (١٠) سەربڕخانەكانی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق كۆببێتەوە، بۆ ئەوەی متمانە بەو بەرهەمانە بكرێت وەكو بەرهەمی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان و ڕێگری نەكرێت لە چوونی ئەو بەرهەمە ناوخۆییانە بۆ ناوەڕاست و باشووری عیراق.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم ئاشكراشیكرد، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو جەختیكردووەتەوە لەسەر هەنگاوەكانی قەدەغەكردنی هێنانی مریشك بۆ ناوەوەی هەرێمی كوردستان بە شێوازی نایاسایی و گرتنەبەری ڕێكارەكانی سەرپێچی كردن.