تا دێت بەهای دراوی بتكۆین ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات


تا دێت بەهای دراوی بتكۆین ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات و نرخی هەر بتكۆین-ێگ گەیشتووەتە سەروو 30 هەزار دۆلار، كە ئەمەش ژمارەیەكی پێوانەییە و یەكەمجارە دراوەكە تێدەپەڕێنێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە 3ی كانونی دووەم بەهای هەر بتكۆینێك گەیشتە زیاتر لە 34 هەزار دۆلار وەك ئەوەی سایتی (كۆین بەیس) بڵاویكردوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ بەهای دراوەكە گەیشتە 30.823.30 دۆلار، بەپێی ئەوەی ئاژانسی بلۆمبێرگ بڵاویكردەوە، دراوەكە لە 16ی كانونی یەكەمی ڕابردوو بۆ یەكەمجار بەربەستی 20 هەزار دۆلاری تێپەڕاند.

بەرزبوونەوەكانی ئەمدواییە بتكۆین، پرسیار دەوروژێنێت لەبارەی هۆكاری بەرزبوونەوە بەرچاوەكەی دراوەكە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەروەها دەربارەی ئایندەی دراوە ئەلیكترۆنییەكە.

سایتی ئەلحوڕە لەسەر زاری حەلا نەسڕوڵا، شارەزای تەكنەلۆجیای زانیاری و ڕۆژنامەنوسی تەكنیكی هۆكاری بەرزبوونەوەی ئەمدواییەی دراوەكە بەشێوەی سەرەكی بۆ ئەو قەیرانە داراییە دەگەڕێنێتەوە كە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە دراوی نەختینەی لە جیهاندا گرتەوە.

حەلا دەڵێت، “دراوی نەختینە لە زۆرێك لە وڵاتاندا ڕوبەڕووی لەرزین بووەوە، بۆیە گەلان ویستیان پەنا بۆ جێگرەوەیەكی سەقامگیر و مێژوو ناسراوی وەك بتكۆین ببەن، دۆخەكە هاوشێوەی ئەوەیە كە پاش قەیرانی دارایی ساڵی 2008 لە ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕویدا”.

“هۆكاری دووەم، زیادبوونی ژمارەی پارێزگاریی ژمارەییە بەشێوەیەكی گەورە، كە بووە هۆی زیادبوونی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی دراوە ژمارییەكان نەك بە تەنها بتكۆین. هەرچی سەبارەت بە هۆكاری سێیەمی بەرزبوونەوەی بتكۆین-ە، هۆكارەكەی دەگمەنییە، بەهۆی ئەوەی ژمارەی دراوەكانی بتكوێن دەگاتە تەنها 21 ملیۆن، تائێستا 18 ملیۆن یەكەی لێدەرچووە، ئەمەش واتا زیادبوونی خواست بەرامبەر تایبەتمەندی دەگمەنی، كە بووەتە هۆی زیادبوونی نرخەكەی” حەلا نەسڕوڵا وایوت.

پارێزگاریی ژمارەیی، پارێزگارییەكی تایبەتە بە دراوە ژمارەییە ئەلیكترۆنییەكان، كە لەسەر شێوەی بەرنامەیەكی ئەلیكترۆنی یان خزمەتگوزارییەك دەبێت كە دەتوانرێت دراوە ئەلیكترۆنییەكەی تیا بپارێزرێت، یان مامەڵەی پێوەبكرێت.

نەسڕوڵا ئاماژەی بەوەشكرد كە بتكۆین بە چارەسەرێكی نمونەیی دادەنرێت بۆ ئەو وڵاتانەی بەمدواییە بەدەست ئاستەنگە ئابورییەكانەوە دەناڵێنن، گەلانێك وەك توركەكان پەنایان بۆبرد و بوونە پێشەنگ لە دراوی بتكۆین دا، سەرەڕای ئەو گەلانەی بەدەست ئاستەنگە ئابورییەكان لە ئاكامی سزاكانەوە دەناڵێن، وەك فەنزوێلا و بەڕازیل و تەنانەت لوبنان-یش.

بە وتەی ئەو هەندێك لە گەلانی ناوچەكەش پەنایان بۆ دراوەكە بردووە وەك سورییەكان و فەلەستینییەكان و عێراقییەكان.

هۆكاری چوارەم كە بووە هۆی بەرزبوونەوەی دراوەكە بەپێی حەلا نەسڕوڵا، ئەوەیە كە ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیاكان دەستیانكردووە بە گۆڕینی بەشێك لە بودجەكەیان بۆ بتكۆین، لەنێویشیاندا كۆمپانیای سكوێر.

كۆمپانیای سكوێر بۆ خزمەتگوزارییە داراییەكان نزیكەی 4700 دراوی بتكۆین-ی كڕی كاتێك نرخی هەر دراوێك 18 هەزار دۆلار بوو.

شارەكەكە لە كۆتایدا دەشڵێت، بە تێڕوانینی كەسانی ئابوریناس و شارەزایانی كۆمپانیاكان بتكۆین لە گەشەكردنێكی بەردەوامدا دەبێت.

ئایندەی بیتكۆین چی دەبێت؟
دەربارەی ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخ لە ئایندەدا، مستەفا سەید حەسێن، ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە تەكنەلۆجیا و هەواڵسازی پێشوی سایتی (بیت چاین)ی تایبەت بە دراوە ئەلیكترۆنییەكان پێیوایە پرسەكە پشت بە چەند گۆڕانكارییەكی زۆر دەبەستێت.

“كەس وەڵامی ئەو پرسیارە بەشێوەی دڵنیایی نازانێت، لە حاڵەتی ڕودانی قەیرانی ئابوری بەهۆی كاریگەری كۆرۆنا وەك ئەوەی پێشبینی دەكرێت، قەیرانەكە كێشەی متمانە بە دامەزراوە ئابورییە كلاسیكییەكان وەك بانكەكان دروستدەكات”، حسێن وایوت.

“ئەمە لە بەرامبەدا كێش دەداتە بازاڕە جێگرەوەكان، لە سەرووی هەموشیانەوە دراوە ئەلیكترۆنییەكان، بۆ نمونە ساڵی ڕابردوو كێشەی بانكە لوبنانییەكان و دابەزینی بەرچاوی نرخی لیرەی لوبنانی ڕویدا، كە بووە هۆی بەرزبوونەوەی پەنابردنەبەر دراوە ئەلیكترۆنییەكان لە لوبنان، وەك بیتكۆین”.

سەید حسێن ئەوەشی وت، “پێشبینی ڕودانی قەیرانێكی گەورەی دارایی بكە بەراورد بە قەیرانی پێشوو، بێگومان دەبێتە ئاماژەیەكی بەهێز بۆ بەردەوامیدان بە بەرزبوونەوەی نرخی دراوە ئەلیكترۆنییەكان”.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی وتەی هەندێك لە شیكەرەوان بەرزبوونەوەی نرخی كانزای مس، هۆكارێكی سەرەكی دیكەیە لە بەرزبوونەوەی بتكۆین لەماوەی دواییدا.

شیكەرەوانی بانكی (گۆڵدمان ساكس) دەڵێت، نرخی دراوی ژمارەیی بتكۆین و مس بەرز و نزمی زۆریان بەخۆیەوە بینی بەر لەوەی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ نرخەكانیان بگاتە ئاستێكی پێوانەیی.

مس خاوەن ناوبانگێكی باشە وەك پێوەری ئابوریی جیهانی بەهۆی بەرفراوانی بەكارهێنانەكانی، لە كەرتی بیناسازی بێت یان شمەكی بەكارهێنراو وەك ئۆتۆمبێل و ئامێری كارەبایی.

سەرەڕای دیاریكردنی بەرزبوونەوەی نرخی بتكۆین و مس لە چەند مانگی دواییدا، شیكەرەوان لە گۆڵدمان ساكس پێیانوایە كە بتكۆین و ئاڵتون دەتوانن “زیندوێتی” زیاتر بەدیبهێنن.