ئێران: مەرزی باشماخ چالاکترین دەروازەیە بۆ ترانزێتی کاڵا

فەرمانگەی بەڕێوەبردنی ڕێگاوبان و گواستنەوەی وشکانی ئێران ڕایگەیاند، دەروازەی باشماخ کە یەکێکە لە دەروازە هاوبەشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا، چالاکترین دەروازەیە بۆ گواستنەوە و ترانزێتی کەلوپەل.

جەواد هیدایەتی بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەڕێوەبردنی ڕێگاوبان و گواستنەوەی وشکانی ئێران ڕایگەیاند، دەروازە سنورییە وشکانییەکانی ئێران، لە مانگی کانونی یەکەمدا بەڕێژەی ٤٩% قەبارە چوونە دەرەوەی بارهەڵگرەکان زیادیکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠دا، ١٥٩ هەزار و ٩٩٦ لۆری بارهەڵگر لە دەروازە سنورییەکانەوە تێپەڕیوون، لەو ژمارەیەش ٣٧ هەزار لۆریان کەلەپولی هەناردەیان پێبووە، ١٠ هەزار لۆریشیان  کەلوپەلی هاوردەی هیناوە و ٧٥٠٠ لۆریش بە ترانزێت تیپەڕیوون.

هیدایەتی ڕوونیکردووەتەوە ، دەروازەی بازرگانی سنوری لەگەڵ تورکیا لە ترۆپکی لیستی دەروازە سنورییەکاندایەن لەڕووی هاوردە و هەناردەوە، دوای ئەویش دەروازەی جەلفای هاوبەش لەگەڵ وڵاتی ئەرمینیا لەڕووی هاوردەوە، بە پلەی سیهەمیش دەروازەی ئاستارا لەگەڵ ئازەربایجان لەڕووی هەناردەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەروازەی سنوری باشماخ لەگەل هەرێمی کوردستان، بەچالاکترین دەروازەی سنوری دادەنرێت لەڕووی ترانزێتی کاڵاکانەوە، دوای ئەویش دەروازەی سنوری دوگارون لەگەڵ وڵاتی ئەفغانستان.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا هیدایەتی ئاماژەی بەوەشکردووە، دەروازە سنورییەکان لەگەڵ عێراق و ئەفغانستان بە چالاکترین دەروازە دادەنرێن لەڕووی ئاڵۆگۆری هاتووچۆی لۆریە بارهەڵگرەکانەوە.