حکومەتی عێراق دەروازەی سەیران بەنی بەفەرمی ناساند



پارێزگاری پارێزگای کوردستان رایگەیاند، حکومەتی عێراق دەروازەی سەیران بەن-ی لەنێوان قەزای پێنجوێن و شاری بانەی بەفەرمی ناساند و ئەوەش کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر گەشەپێدانی جوڵەی بازرگانی لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا.

بەهمەن مورادینا، پارێزگاری پارێزگای کوردستان کەدەکەوێتە رۆژئاوای ئێران لەکۆبوونەوەیەدا لەگەڵ ئەنجومەنی پلاندانانی پارێزگاکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ” حکومەتی عێراق دەروازەی سەیران بەن-ی بەفەرمی ناساند، ئەو هەنگاوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە کەکاریگەری بەرچاوی لەسەر جوڵەی بازرگانی پارێزگاکەمان بەگشتی و شاری بانە بەتایبەتی دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەهەفتەی داهاتووەوە هەردو دەروازەی “مله خورد سروئاباد” و”خانم شيخان”ـیش لە شاری مەریوان دەکرێنەوە، کردنەوەی ئەو دەروازانەش هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی خەڵكی بانە و مەریوان کەرەستە خۆماڵییەکان و پێداوسییەکانی ناو ماڵ  هەناردەی عێراق بکەن و لەورێگەیەوەش داهاتێک بۆ خۆیان دەسبەردەکەن.

سەیران بەن یەكێكە لەمەرزە نیمچە فەرمییەكانی سنوری شارۆكەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی، دەروازەکە نزیكە 40 كیلۆمەتر لە پێنجوێنەوە دوورە و هەرێمی كوردستان بە شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبەستێتەوە، ڕۆژانە كەلوپەلی خۆراك و بیناسازی و كارەبایی و خواردەمەنی لێ هاوردە و هەناردە دەكرێت.