فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی گەشتەكانی بۆ چەند وڵاتێك ڕاگرت بە فەرمانی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عێراق.
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە پشت بەستن بە ئاگادارییەكی دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی شارستانی عێراق كە بۆ فڕۆكەخانەكەیان نێردراوە، رایگەیاند گەشتە ئاسمانییەكان بۆ چەند وڵاتێك راگیراوە.
راشیگەیاند، دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عێراقی سەرجەم ھێڵە ئاسمانییەكانی ئاگاداركردۆتەوە بە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانیان بۆ ھەریەك لە وڵاتانی (بەریتانیا، ئەفریقای باشور، ئوستورالیا، دانیمارك، هۆڵەندا، بەلجیكا و ئێران و ژاپۆن) و هاتنی گەشتیاریش لێیانەوە قەدەغە دەكرێت.
رونیشیكردەوە، تەنها هاوڵاتییانی عێراق دەتوانن بگەڕێنەوە وڵات ئەوانیش (14) رۆژ كەرەنتین دەكرێن و دوای ئەو ماوەیە پشكنینی (PCR)-یان بۆ دەكرێت، دوای دڵنیابون لە ڕەوشی تەندروستییان ڕێگەیان پێدەدرێت تێكەڵی كەسانی دیكە ببن.