ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دۆخی دارایی تاووتوێ ده‌كات

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ی كانوونی یه‌كه‌م، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم كۆببێته‌وه‌ و دۆخی دارایی و دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا تاوتوێ بكات.

به‌پێی زانیارییه‌كان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی  هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی خۆی ئه‌نجام ده‌دات و دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا و دۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ ده‌كرێن.

یه‌كێكی تر له‌ ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بریتییه‌ له‌ تاوتوێكردنی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی دابینكردنی ڤاكسینی دژه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان.


كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌كاتێكدایه‌ شه‌وی رابردوو، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی شاندی دانوستانی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەشاری بەغدا رایگەیاند، بۆ جێبەجێكردنی یاسای كورتهێنانی دارایی سەردانی شاری بەغدایان كردووە، بەڵام توانیویانە لەچوارچێوەی سەردانەكەیان لەگەڵ عیراق رێككەوتن لەسەر بودجەی 2021 بكەن.

ناوبراو روونیكردەوە، ساڵی 2021 ساڵێكی قورس دەبێت ئەوەش پێویستی بە كاری هاوبەشە و تا رووبەڕووی تەحەدییەكان ببنەوە و وتی: “پێویستمان بەیەكڕیزییەكی نیشتمانییە دوور لەموزایەدەی سیاسی و دوور لەكەشی هەڵبژاردن، دەبێت  كار بكەین بۆ دەربازكردنی عیراق و كوردستان لەكێشە داراییەكان”.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد، “تەحەداكان گەورەن، بەڵام دڵنیام ئیرادەی سیاسیمان هەیە و زاڵ بووین بەسەر كێشەی گەورەتریش، هیوادارم لایەنە سیاسییەكانی عیراق بەیەك دەست كار بكەین لەپێناوی سەركەوتن، بۆ ئەو مەبەستەش گەشبینم لە 2021 سەركەوتن بەدەست بێنین”.

ناوبراو روونیكردەوە: “بەغدا هیچ بڕە پارەیەكی بۆ هەرێمی كوردستان دیاری نەكردووە، گفتوگۆكانیش شكستیان نەهێناوە و بەردەوامن، لەسەر بودجە رێككەوتین و چاوەڕێین لەپەرلەمانی عێراق ئەو گفتوگۆیانە بە چڕتر بكرێت بەئامانجی تێپەڕاندنی بۆ بەرژەوەندی عێراق و كوردستان”.

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتیشی: “رێژەی هەرێم لەبودجە دیاریكراوە دوای خەرجی سیادی و حاكیمە، بەڵام بەپێی هەقی خۆمان پێشبینیمان دەكرد كەمترە لەوەی بە هەقی خۆمانی دەزانین، بەڵام بەشی هەرێم 12.67%”.