‘دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و کەلوپەلەکان”


دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی جموجۆڵ و قەرەباڵغییەکی زۆری لە بازاڕه‌كانی ئاڵوگۆڕی دراو دروستکردووە، بەشێک لە خەڵکی بە ئامانجی بەدەستهێنانی قازانج، دۆلار دەکڕن و ئەوانەیشی کە دۆلاریان بە هەرزان کڕیوە ئێستا دەیفرۆشنەوە.

ئەم بێنەو بەردەیەی کڕیار و فرۆشیاران لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، قەرەباڵغییەکی دروستکردووە کە ساڵانێکی زۆرە بازاڕەکە ئەوەندە خەڵکی تیادا کۆنەبووەتەوە.

یەکێک لە مامەڵەکارانی دراو لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو  کە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بواری ئابووری و خۆی بە رەمزی گۆمەشینی ناساند، رایگەیاند “رێژەی ئاڵوگۆڕی دراو و خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕدا بە نزیکەیی لەسەدا ٤٠ زیادیکردووە، خەڵک دەیەوێت ئەو دینارەی لە ماڵەوە هەیەتی بیکاتە دۆلار، هەندێکیش مەبەستیان ئەوەیە ئەگەر بەهای دۆلار زیاتربوو قازانجی لێ بکەن، هەندێکیشیان ئەوانەن کە بە دۆلار کاڵایان کڕیوە و بە دینار فرۆشتوویانە و نەیانکردووەتەوە دۆلار، ئێستا دێن بەخێرایی ئەو دینارەی لەبەردەستیانە دەیکەنە دۆلار تا زیانێکی زیاتر نەکەن”.

رەمزی گۆمەشینی وتیشی: “بڕیاری دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی کاریگەرییەکی خراپی لەسەر خەڵک دەبێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و کەلوپەلەکان، ئێمە وڵاتێکی بەکارهێنەرین نەوەک وڵاتێکی بەرهەمهێنەر، ئەو کاڵایانەش کە هاوردەی دەکەین بە دۆلار لە دەرەوە دەکڕدرێت، لەبەرئەوە نرخەکەی لەسەر هاووڵاتی زیاد دەبێت و زەرەر دەکەن”.

ئەو هەروەها وتیشی: “بەڵام مەرجیش نییە گرانبوونی نرخی کاڵا و کەرەستەکان لە بازاڕدا، بەڕێژەیەکی زۆربێت، چونکە هاوتەریب لەگەڵ کەمبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، بەهای تمەنی ئێرانی و لیرەی تورکیش بەرامبەر دۆلار دابەزیوە، بۆیە ئەمە کاریگەریەکە کەمتر دەکاتەوە”.

پێچەوانەی بازاڕی دراو کە جمەی دەهات لە خەڵک، بازاڕی کاڵا و کەرەستە و پێداویستییەکانی رۆژانەی خەڵک، بەراورد بە رۆژانی رابردوو، چۆڵتر و بێ بازاڕ دەبینرێت.

بەشیک لە دوکاندارەکان هۆکاری ئەو چۆڵییەیان بۆ ناجێگیری نرخی دراو و نیگەرانی خەڵک دەگەڕاندەوە کە نازانن نرخەکان چی لێدێت، بۆیە جارێ نایانەوێت هەموو شتێک بکڕن.

فرۆشیارێکی کەرەستە خۆراکییەکانی رۆژانە بە ناوی عەبدوڵڵا عەلی وتی: “ئەشیای ئێمە هەمووی لەگەڵ دۆلارە، کەمێک بەرلە ئێستا ١٠ کارتۆن رۆنی زەیتم بۆهات جاران هەر دەبەیەکی پێنج لیتری لەو زەیتە بە حەوت هەزار دینارم دەدا بە کڕیار، ئێستا ئەوەی ئەمڕۆ بۆم هاتووە هەر دەبەیەکی ١٠ هەزار و ٥٠٠ دینار لەسەر خۆم کەوتووە”.

عەبدوڵڵا عەلی وتیشی: “ئەمڕۆ بەهۆی ئەم دۆخەوە بازاڕ هیچ نەبووە، کارمان وەستاوە و خەڵک نازانێت بازاڕ چی لێ دێت، بۆیە کەس هیچ ناکڕێت”.

ناوبراو هەروەها وتی: “هەر کەرەستەیەک لەم دوکانی مندا بە نموونە وەربگرین نرخەکەی لەچاو پێشتر چووەتە سەری، بەڵام نازانم بەڕێژەی چەند، بۆ نموونە، چا پێشتر کیلۆیم بە حەوت هەزار دینار دەفرۆشت ئێستا کیلۆی بووەتە ١٠ هەزار دینار، چونکە ئەمڕۆ چووم کڕیومە سێ هەزار دینار زیاتریان لەمن سەندووە”.

فرۆشیاری جلوبەرگ لە بازاڕی هەولێر، مەڕوان حیسامەددین  دوا و وتی: “بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار زۆر کاریگەری لەسەر بازاڕ و نرخی کاڵاکان هەبووە، بۆ نموونە ئەم قەمسەڵەیە پێشتر بە ٢٠ هەزار یان کەمتریش دەمهێنا، ئێستا بووەتە ٢٥ هەزار دینار، من بە چەند بیفرۆشم دەبێت بیدەم بە ٣٠ هەزار دینار و بەو پارەیەش کەس نایکڕێت، ئەمە چاکەتێکی دیکەیە بە هەشت بۆ نۆ هەزار دینار دەمهێنا، ئێستا ئەمڕۆ بووەتە ١٢ هەزار دینار منیش دەبێت بە خەڵکی بدەم بە ١٥ هەزار دینار و کەسیش بەو پارەیە نایکڕێت ئەڵین تەنکە”.

مەڕوان حیسامەددین وتیشی: “هەموو کاڵاکان بەپێی گرانی و هەرزانییەکەی نرخەکانی زیادیکردووە، هەندێکی سێ هەزار یان چوار هەزار یان ١٠ هەزاری چووەتە سەر، بۆ نموونە قەمسەڵەم هەیە پێشتر بە ٢٢ دۆلار دەمهێنا، ئەمڕۆ کردوویانە بە ٣٠ دۆلار”.

ناوبراو هەروەها وتی: “ئێستا لە بازاڕدا کڕیاریش زۆر کەمبووەتەوە و بەکەمی خەڵک دێت بۆ شت کڕین، ئێستا هەم گرانی سەری هەڵداوە هەم بێ بازاڕی”.