شاره‌زایانی ئابووری: كەمكردنەوەی بەهای دینار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و شمەك

لەمڕۆوە دیناری عێراقی بەو بەها نوێیە دەخرێتە بازاڕەوە كە بانكی ناوەندی دیاریكردووە و بریتییە لە 1460 دینار بۆ هەر دۆلارێك بەراورد 1180 دیناری بە نرخی پێشوو كە جیاوازییەكەی بۆ هەر 100 دۆلارێك نزیكەی 27 هەزار دینارە، شارەزایەكی ئابوریش لایەنە ئەرێنییەكانی ئەم هەنگاوە ڕوندەكاتەوە.

بانكی ناوەندی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دەربارەی ئەو هەنگاوەی كە ماوەی چەند ڕۆژێكە پشێوی لە بازاڕەكاندا دروستكردووە دەڵێت، كەمكردنەوەی بەهای دینار بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەیە كە لە بودجەی ساڵی 2021دا دروستدەبێت بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان، كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتە لە عێراقدا.

لە بەیاننامەكەی دوێنێ شەممە 19ی كانونی یەكەمیدا بانكەكە دەڵێت، “ئەو قەیرانە داراییەی ڕوبەڕووی عێراق بوەوە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە.. بووەتە هۆی ڕودانی كورتهێنانی گەورە لە بودجەی گشتیدا”.

ئاماژەی بەوەشكرد بڕیارەكە هەنگاوی پێشوەختەیە بۆ “ڕێگری لە كەمبوونەوەی یەدەگی دراوی بیانی بانك و هاوكاریكردنی حكومەت بۆ زامنكردنی موچەی فەرمانبەران”.

عێراق بە ڕێژەی 95% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. دوایین جار كە بەهای دیناری تیادا كەمكرایەوە لە كانونی یەكەمی 2015دا بوو دوای ئەوەی نرخی فرۆشتنی دۆلار گەیەندرایە 1182 دینار كە پێشتر 1166 دینار بووە.

بەڵام كەمكردنەوەی ئەمجارەی بەهای دینار بەو ڕێژە زۆرە، یەكەمجارە لە دوای ساڵی 2003ەوە و ئەمەش بەپێی وتەی شارەزایان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك و شمەك كە بە زیان بۆ سەر بژێوی ژیانی هاوڵاتییان دادەنرێت.

بەڵام د. موسا بەرزنجى، شارەزای ئابوری لەسەر ئەو پرسە دەڵێت، شیکردنەوە و باسی زۆر لەسەر کاریگەری سلبییەکانی ئەم سیاسەتە نەختیەی بانکی ناوەندی لە میدیاکاندا کراوە، بەڵام من لایەنی ئیجابی دەبینم.

ئەو شارەزایە لە چەند خاڵێكدا لایەنە ئەرێنییەكانی خستوەتەڕوو لەوانە، (كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە، هاندانی هەناردەکردن و هاندانی کەرتی گەشتوگوزار، هاندانی وەبەرهێنانی دەرەکی، زیادبوونی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی و زیادبوونی هەناردەی بەرهەمی ناوخۆیی).

دەشڵێت، “بە پێچەوانەی ڕای زۆربەی ئابوریناسانی عێراقی و هەرێمی کوردستان، بەهۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئەم سیاسەتەوە، ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا کەم دەبێتەوە”.

سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش د. موسا بەرزنجی ئاماژەی بەوەداوە، ئەگەر ئابووری هەرێمی کوردستان بەرەو دامەزراوەیی نەڕوات و داڕشتنی بودجەی هەرێم دەستپێنەکاتەوە یان لەگەڵ سیاسەتی نەختی و دارایی عێراق هاوئاهەنگ نەبێت ئەوە رەوشی ئابووری هەرێم لە 2021دا بەرەو باشتربوونی لێ چاوەروان ناکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو شارەزایەی ئابوری تێڕوانینەكانی خۆی و هەموو ئەو بابەتانەی ئابوریناسانی عێراقی و کوردستانی باسیدەكەن بەوە ناوەدەبات كە “هیچ بنەمایەکی واقیعی نیە لەبەرئەوەی دەبێ بەپێی داتا و ئامار و مۆدیلە ئابورییەکان شرۆڤەی گۆڕاوە ئابورییەکان و سیاسەتی نەختی و دارایی بکرێت و ڕاسپاردەمان هەبێت. کەواتە ئەم شیکردنەوانە تەنیا بیروڕا و بواری تیۆرییە”.



پێشتر خالید حەیدەر، مامۆستای زانكۆ و ئابوریناس ڕایگه‌یاند:، “باری سەرشانی هاوڵاتییان زۆر قورس دەبێت، چونكە داهاتی هاوڵاتییان نەگۆڕ و جێگیرە، دەبێت پارەیەكی زیاتر بدەن بۆ كڕینی شتومەك كە زۆرینەی بابەتەكانیش هاوردە دەكرێن و بە دۆلار دەكڕدرێن”.

ئەو ئابوریناسە ئەوەشی خستەڕوو، “بۆ ئەوەی ڕوونتر بێت، پیشتر هەزار و 250 دینارت بە بابەتێكی یەك دۆلاری دابێت، ئێستا دەبێت هەزار و 500 دینار بدەیت بۆ دەستخستنی هەمان بابەت”

بەو هەنگاوەی حكومەتی عێراقی، “شتومەك گران دەبێت و ئاستی داهاتی ڕاستەقینەی هاوڵاتییان دادەبەزێت، ئەو هەڵاوسانەی نرخ كە لە هەرێم و عێراق هەن زیاتر دەبێت”.

خالید حەیدەر نەیشاردەوە، “بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بۆ حكومەت بڕیارێكی باشە چونكە نەوت بە دۆلار دەفرۆشێت، دەیگۆڕێتەوە بە پارەی عێراق بۆ موچەخۆران، هەروەها ئەوەی لە پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە، دەرماڵەكانی فەرمانبەرانیش كەم دەكاتەوە، واتا خەرجی كەم دەكاتەوە و داهات زیاد دەكات، بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی هەیەتی پڕی بكاتەوە”.

هەر لەسەر ئەو پرسە ڕێكەوت زەكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، ئەگەر دابەزینی بەھای دیناری عێراقی یەکجار بۆ فەرمانبەرێکی حکومەتی بەغداد بارگرانی بێت، ئەوا بۆ فەرمانبەرانی حکومەتی ھەرێم سێجار بارگرانییە، یەکەم بەلێبڕینی موچەکەی، دووەم بە دواکەوتنی کاتی وەرگرتنی موچەکەی بۆ 40 تا 50 ڕۆژ، سێھەم بەدابەزینی بەھای دراوی موچەکەی.

دەشڵێت، “ئەگەر بەرزبونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر دینار جارێک بۆ حکومەتی بەغداد داھات زیادبکات و سودی ھەبێت، ئەوا بۆ حکومەتی ھەرێم سێجار سودی ھەیە، یەکەم نەوتەکەی بەدۆلار دەفرۆشێت و داھاتی نەوتی زیاددەکات، دووەم ھیچ توڕەییەکی شەقام ڕوو لەم نیە و وەک حکومەتی بەغدادش سودمەندە، سێھەم موچەی کەمکردۆتەوە لەساڵێکیشدا ھەرگیز 12 موچە دابەشناکات”.