لەگەڵ بەردەوامی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی کاریگەری زۆر لەسەر بازاڕو کاری بازرگانان دروستبووە بەجۆرێک دوکاندار ئامادەنیە پارە بۆ بازرگان بگێڕێتەوە.
بەرهەم بورهان، بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراو لە کۆمپانیای بورهان ڕاگەیاند “بەرزبونەوەی نرخی دۆلار پێش هەمو شتێک زیانی گەورە بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت پاشان بە بازرگانان”.
راشیگەیاند “لەئێستادا هیچ دوکاندارێک و خاوەنکارێک کە کاریان لەگەڵدا دەکەین ئامادەنین پارە بگەڕێننەوە بۆ کۆمپانیاکان چونکە کاتێک دوکاندارەکە کاڵاو شمەکی لە کۆمپانیاکان داگرتووە دۆلار بە ١٢٤ هەزار دیناربووە ئێستا دۆلار بە ١٤٤ هەزار دینارە دوکاندار ئامادە نیە بەو جیاوازییە پارە بگەڕێنێتەوە بەمەش ڕاوەستانی بازاڕ رویداوە و نرخیش لەسەر هاووڵاتیان زیاد دەبێت”.
ئاماژەی بەوەشدا، کاری بازرگانی ئێمە لەگەڵ ووڵاتانی ئەوروپا هەر بەدۆلارە بۆیە بەردەوامی بەرزبونەوەی نرخ کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بازاڕو خاوبونەوەی کاری بازرگانی، هەمو ئەو کاڵایانەی لای دوکاندارەکانە ناچارن بۆ گەڕاندنەوەی پارەکەیان بەدۆلار نرخەکەی زیادبکەن بەمەش هاووڵاتیان زەرەرمەندی یەکەم دەبن.