وەزارەتى دارایى عێراق ئاشکرایکرد، بەرزکردنەوەى نرخى دۆلار بڕیارێکى سیاسیى سەرکردایەتى عێڕاقە و پشتگیرى لایەنە سیاسى و پەرلەمانیەکانیشى هەیە، هەروەها هەر ئەمجارەیە و جارێکى تر دووبارە بەرز ناکرێتەوە.
وەزارەتى دارایى عێڕاق لە ڕاگەیەندراوێکدا (شەممە 19ى کانونى یەکەمى 2020) بڵاویکردووەتەوە، “بەهۆى قەیرانى داراییەوە بۆ هەمووان ڕوون بوو پێویستە چاکسازى بەپەلە لە سەرجەم بوارەکاندا بکرێت، لەوانەش نرخى دراو، سەرەڕاى ئەوەى یەکێکە لە بڕیارە قورسەکانە، بەڵام ناچارین بیگرینەبەر چونکە چارەسەرى بەشێکى گەورەى قەیرانەکە دەکات.”
ڕونیشکراوەتەوە، بڕیارى گۆڕانکارى نرخى دراوە بۆ یەکجارە و لەداهاتوودا دووبارە نابێتەوە و حکومەت لەگەڵ بانکى ناوەندى کاردەکات بۆ جێگیرکردنى نرخە نوێیەکە کە لەگەڵ داواکارییەکانى چاکسازیدا دەگونجێت، هەروەها بەخێرایى پشتگیرى کەرتە زیانلێکەوتووەکان و چینى هەژار دەکرێت بەشێوەیەک شایستەکانى چاودێرى کۆمەڵایەتى زیاد دەکرێت لە بودجەى گشتى لەپێناو قەرەبووکردنەوەى ئەگەرى بەرزبوونەوەى هەندێک کاڵا.
وەزارەتى دارایى جەختیلەوەشکردووەتەوە، هەروەها داوا لە بانکەکان کراوە بڕى سود زیاد بکەن بۆ ئەو هاووڵاتیانەى پارەکانیان لە بانکە حکومیەکان دادەنێن بۆ ئەوەى سود لەو زیادەیە وەرگرن.
ئەوەش ئاشکرا کراوە، گۆڕانکارى نرخى دراو بڕیارێکى سیاسیى سەرکردایەتیى عێراقییە و پشتگیرى هێزە سیاسى و پەرلەمانیەکان و ئەو چالاکیە ئابوریانەى هەیە کە عێراق بەشدارە تێیاندا هەروەها لایەنە نێودەوڵەتییەکان وەک سندوقى نەختینەى نێودەوڵەتى کە بەڵێنى داوە پارەى زۆر بۆ ڕووبەڕقوبوونەوەى کاریگەریەکانى پەتاى کۆرۆنا بۆ چینە لاوازەکان دابین بکات.
وەزارەتەکە هێماى بۆ ئەوەشکردووە، جەختلەوەدەکەینەوە ئابوریى عێڕاق چالاکتر دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنى چاکسازیەکان و ئەو شیکردنەوە هەڵانەى دەکرێن و ئەو ڕەشبینیانەى هەیە کە باکگراوندێکى سیاسیان هەیە بۆ کۆسپ خستنەبەر چاکسازیەکانە و ڕاست نین.