بازاڕەکانی دراو له‌ عێراق هەرێمی کوردستان، چاوەڕوانی سبەی دەکەن


بەهۆی دەنگۆی جێگیرکردنی بەهای دۆلار لە پڕۆژەبودجەی 2021ـی عێراق بە 145 هەزار دینار، بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان شێواون و بەهای کەلوپەل و خۆراک گران بووە.

بازاڕەکانی عێراق بەگشتی و لەنێویشیاندا بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، چاوەڕوانی سبەی دەکەن بۆ ئەوەی بزانن بانکی ناوەندی چ بڕیارێک دەردەکات و نرخی خستنەڕووی دۆلار بە دینار، بە چەند دیاری دەکات، بەڵام بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە  هه‌رێم جممەیان دێت لە خەڵک و مامەڵەکاران.

 هۆشمەند سادق و ئارام بەختیار لە هەولێر و سلێمانییەوە لەنێو بازاڕ دوایین زانیاری لەبارەی لێکەوتەکانی ئەو هەوڵە و رەوشی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو دەخەنەڕوو.

هەرچەندە رۆژانی شەممە، بازاڕی بۆرسە لە هەولێر نییە، بەڵام لەتەنیشت بازاڕەکەوە دەستگێڕ هەن کە ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن و دۆلار دەفرۆشن، هۆشمەند سادق لەو بازاڕەوە دەڵێ “نزیکەی یەک کاتژمێرە من لێرەم، نرخی دۆلار زۆر و کەم دەبێت و بە یەک کاتژمێر سێ جار نرخی دۆلار گۆڕا لە 136 بوو بە 137 و دواتر 138 دینار”.

یەکێک لە دۆلارفرۆشەکانی هەولێر سەرقاڵی ژماردنی پارە بوو دەڵێ “ئێستا برادەران دۆلار بە 137 هەزار دینار دەکڕن و دەفرۆشن.. کارەکە خستنەڕوو و داواکردنە… بەگشتی ئەمە زیانی هەیە، ئابووری خەڵک تێکدەدات بەوجۆرە هەموو شتێک گران دەبێت، ناکرێت حکومەتی عێراق وا لەو خەڵکە بکات، چونکە ئابووریی عێراق خۆی سفر بووە و دەیەوێت ئەو خەڵکەش بێ پارە بێت”.