وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە هەماهەنگی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، 40 تەن لە میوەی هەنار بۆ بەریتانیا هەناردە كرا.
حسێن حەمە كەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”ئەمڕۆ پێنج شەممە، وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم دەستیكرد بە هەنگاوی یەكەم بۆ هەناردەكردنی میوەی هەنار و نزیكەی 40 تەنی بۆ بەریتانیا هەناردە كرد، ئەم هەنگاوەش بە هەنگاوی یەكەمی هەناردەكردن دادەنرێت”.
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم دەڵێت”كارنامەی حكومەت بۆ ساڵی 2021، هەناردەكردنی بەروبومە كشتوكاڵییەكانی تر لەخۆدەگرێت، ئەمەش دەستپێشخەرییەكە كە دەبێتە مایەی هاندان بۆ جوتیاران لەپێناو زیادكردنی بەرهەم و هەمەجۆركردنی ئابوری كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان”.