وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ هه‌رێم بڕیاریدا سه‌رجه‌م خه‌رجییه‌كانی‌ ساڵی‌ 2020 ڕابگیرێت

وەزارەتی‌ دارایی‌ و ئابووری‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بڕیاردرا بە ڕاگرتنی سەرجەم خەرجی وەزارەت و فەرمانگەكان و جەختیشدەكاتەوە، كە بڕیارەكە لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.

بەپێی‌ گشتاندنێكی وەزارەتی‌ دارایی‌ و ئابووری‌ هەرێم، كە واژۆی‌ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری‌ دارایی‌ و ئاڕاستەی گشت وەزارەت و فەرمانگەكان كراوە، “بڕیاردرا لە ڕۆژی‌ 16/12/2020ەوە گشت خەرجییەكان بۆ ساڵی‌ 2020 ڕابگیرێت، جگە لە خەرجكردنی‌ مووچە و پێشینەی‌ خەرجكراوی‌ مانگانە و پێشینەی‌ خواردن و خاوێنكردنەوە و كرێیەكانی‌ مانگانە”.

جەختیشی كردۆتەوە، “بڕیار دراوە زیادكردنی‌ پێشینەی‌ مانگانە ڕابگیرێت، بڕیارەكەش تەمویلكردنی‌ تایبەت بە پڕۆژەكانی‌ وەبەرهێان و پڕۆژەی‌ پارێزگاكان ناگرێتەوە”.

وەزارەتی دارایی لە گشتاندنەكەدا داواشی لە وەزارەت و فەرمانگەكان كردووە، “هیچ نووسراو و داواكارییەكی‌ خەرجی‌ ئاڕاستەی‌ وەزارەتی‌ دارایی‌ نەكەن”.