ئێوارەی دوێنێ بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی حزبی و حكومی و وەزیرەكان و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و یاسن رەحیم جێگری یەكەمی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ،بە بۆنەی رۆژی سەربەخۆی ئەمریكاوە مەراسیمێك لە ئوتێل رۆتانای شاری هەولێر بەرێوەچوو ، لەمەراسیمەكەدا كونسڵی گشتی نوێی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان دەست بە كاربوو.
مەراسیمەكە بە سروودی نیشتیمانی ئەی رەقیب و و سرودی نیشتمانی عیراق و ئەمریكا دەستی پێكرد، دواتر پۆڵ سەتیڤن كونسڵی گشتی پێشووی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان لە وتارێكدا دوای ئەوەی دڵتەنكی خۆی دەربڕی كە هەرێمی كوردستان بەجێدەهێڵێت، گەشبینی خۆشی نەشاردەوە بۆ پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان.
لە وتارەكەیدا كونسڵی گشتی پێشووی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كرد كە لە ماوەی رابردوودا بەشی خزمەتگوزاری لە كونسڵەكەیان كرایەوە و بۆ ئەوەش یەكەم ڤیزا درا بە خوێندكارێكی كچ كە بۆ خوێندن روو لە دەرەوەی هەرێم دەكات.
پۆڵ سەتیڤن راشیگەیاند كە لە ماوەی رابردوودا بە هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین خزمەتگوزارییان جێبەجێكردووە لە هەرێم لەوانە بە بڕی 198 ملیۆن دۆلار پرۆژەی ئاوی ئیفرازیان لە هەولێر جێبەجێكرد لەگەڵ ئەوەی هاوكارییەكی زۆری هەرێمی كوردستانیان كردووە لە دامەزراندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و پەیمانگەی پۆلیس، هەروەك لە ماوەی رابردوودا 44 ملیۆن دۆلاریان خەرج كردووە بۆ پەنابەرانی سوریا لە هەرێمی كوردستان.
دواتر جۆزیف پینیگتن كونسڵی گشتی نوێ ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی دەست بەكاربوونی خۆی بە شێوەیەكی رەسمی لە هەرێمی كوردستان راگەیاند، وتەیەكی پێشكەشكرد و وتی: “هەموو هەوڵێكی خۆم و ستافەكەم دەخەمە كار بۆ باشتركردن و توندتۆڵكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا، ئاشكراشیكرد كە “ماوەی هەفتەیەك دەبێت لە هەرێمی كوردستانم، هەموو ئەو دەنگۆیانەشی كە باس لە خانەدانی و دڵ گەورەیی كورد دەكرێت راستە”.
هەر لەو مەراسیمەدا، فەلاح مستەفا سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بە ناوی هەرێمی كوردستانەوە دوای ئەوەی پێشوازی لە دەست بەكاربوونی كونسڵی گشتی نوێی ئەمریكا كرد و رایگەیاند كە هەرێمی كوردستان خۆی بە دۆستێكی دێرینی ئەمریكا دەزانێ و هیواخوازیشە كە پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ ئەمریكا هەنگاوی باشتر بنێت و بەرەوپێشەوە بچێت.
كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر لە ساڵی 2011 كراوەتەوە، جگە لە هەولێر لە بەغدا باڵیۆزخانە و لە بەسرە و كەركوك كونسوڵخانەی هەیە.