لێکەوتەکانی داکەوتنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمه‌ریکی

 
بەرزبوونەوەی دۆلاری ئەمه‌ریکی بەرامبەر دیناری عێراقی، جۆرێك لە شڵەژانی لەبازاڕدا درووستکردووە، بەگوتەی بازرگان و ئابووریناسان، هاووڵاتییان بە تایبەتی ئەوانەی داهاتیان بە دینارە زیانی زۆریان بەردەکەوێت، رێژەی هەڵاوسان بەرزدەبێتەوە، بەو هۆیەشەوە توانای کڕینی هاووڵاتیان لاواز دەبێت.

دابەزینی بەھای دیناری عیراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، گرانبوونی نرخی شمەک و کاڵەکانی لە بازارەکانی ھەرێمی کوردستان دروستکردووە، گرانبوونەکە بەجۆرێکە ھاووڵاتیان لەلایەك و بازرگانان لەلایەکی دیکەوه‌ زەرەرمەندن.

ژووری بازرگانی سلێمانی لەنزیکەوە چاودێری دۆخی بازاڕ دەکا، تا ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکرێت و ھاووڵاتیان زەرەرمەند نەبن، له‌و باره‌یه‌وه‌ “سیروان محەمەد”، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی گوتی: “دۆخه‌كه‌ بووه‌ته‌ زه‌ره‌رمه‌ندوونی هاووڵاتیان و كۆمپانیا گه‌روه‌كان، له‌هه‌مانكاتدا رۆژانه‌ نرخی كاڵاكان به‌ دینار به‌رزده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ كاریگه‌رییه‌كی گه‌روره‌ی له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ بۆ‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، بۆیه‌ سیاسه‌تی بانكی ناوه‌ندی عێراق پێویسته‌ جێگیر بێت، چونكه‌ ماوه‌ ماوه‌ دۆلار راده‌گرێت و نایخاته‌ بازاڕه‌وه‌، داواكاری دۆلار له‌ بازاڕدا زیاد ده‌بێت و نرخه‌كه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌”.

بەگوتەی ژماریەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەمەبەستی پرکردنەوەی کورتھێنانی بودجە، حکومەتی فیدراڵ بەپلان، لە ھەوڵدایە تا بەھای دیناری عێراقی دابەزێنێت.

بەبڕوای ئابووریناسان، بەرزبوونەوەی دۆلار ئه‌گەر بەم شێوەیه‌ بەردەوام بێت؛ شمەک و کاڵاکان زیاتر بەرزدەبنەوە، “حیسام بەرزنجی”، ئابووریناس گوتی: “هاووڵاتیان و بارزگانان زیانیان به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆرتر زه‌ره‌رمه‌نده‌، هاووڵاتیانن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داهاته‌كه‌ی دیاریكراوه‌، ده‌بێت به‌ نرخێكی به‌رزتر كاڵاكان بكڕێت”.

بازاڕی دراوی سلێمانیش جۆرێك لە شڵەژانی پێوە دیارە، ژماره‌یه‌ك لە خەڵکی دۆلار دەکڕن، ئەمه‌ جگە لەوەی خواستی لەسەر دۆلار زیادکردووە، لەگەڵ ئەوەدا دۆلاری بەرزکردووەتەوە.