نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە هەڵكشاندایە، ئابوریناسێكی هەرێمیش پێشبینی دەكات، بەهای دۆلار زیاتر بەرزببێتەوە و “هەڵئاوسان”یش ڕوبدات.
هەرچەندە بانكی ناوەندیی عێراق 100 دۆلاری بە 119 هەزار دینار خستە بازاڕەوە، بەڵام لەكاتی داخستنی بازاڕدا ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار لە هەرێم و عێراق گەیشتە سەرووی 129 هەزار دینار.
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، كامەران یەعقوب، ئابوریناس و مامۆستای زانكۆ ڕایگهیاند، “هۆكاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ئەوەیە كە لە عێراق كورتهێنان هەیە، كورتهێنانەكەش بە دیناری عێراقی و لەڕێی قەرزی ناوخۆییەوە پڕكراوەتەوە، بەوەش پارەیەكی زۆری عێراق دەخرێتە بازاڕەوە و بەرامبەر بە دۆلار هاوسەنگی تێك دەچێت”.
ئەو ئابوریناسە كە دكتۆرای لە ئابوری هەیە ئەوەشی خستەڕوو، “هۆكاری كورتهێنانی دارایی لە عێراق بۆ دابەزینی بەهای نەوت دەگەڕێتەوە، چونكە بەهای نەوت ئەگەر بچێتە 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك ئەوكاتە داهاتی عێراق بەشی خەرجییەكانی دەكات، كە كورتهێنانیش دروست دەبێت دەست نابەن بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان و پەنا دەبەنە بەر قەرز ئەوەش كێشەی ئابوری دێنێتە پێش”.
كامەران یەعقوب وتیشی، “ڕەنگە لەم ماوەدا نرخی دۆلار جار جار بێتە خوارەوە بەرامبەر بە دیناری عێراقی، بەڵام بە كاتی دەبێت و دواجار بەهای دۆلار هەر بەرز دەبێتەوە، تاكە چارەسەریش كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەتە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار كە چاوەڕوانكراوە سەر دەكێشێت بۆ هەڵاوسانی گەورە لە عێراق”.
لەلایەكی دیكەوە، ڕاسم عگێدی، شارەزای ئابوریی عێراقی بە میدیا عێراقییەكانی وتووە، “ژمارەیەك ئابوریناس و ڕاوێژكاری ئابوری پێشنیاریان كردووە حكومەت عێراق بەهای دۆلار لە هەزار و 500 دینار بۆ یەك دۆلار جێگیر بكات”.
ئەو شارەزایەی ئابوری ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئەو هەنگاوە گەر سەركەوتوو بێت ئەوا خانەوادە هەژارەكان زەرەرمەند دەبن و هەڵاوسانی نرخ ڕودەدات”.
هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاریشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی “بانكە ئەهلییەكان لە پشت بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارن بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر بكەن”.
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە هەر وڵاتێكی جیهاندا دەگەڕێتەوە بۆ بوونی قەیرانی ئابوری و دارایی، لە عێراقیش قەیرانێكی هەمەچەشن هەیە”.
ئەمڕۆ یەكشەممە 13ی كانونی یەكەم، بانكی ناوەندیی عێراق بە بەهای 119 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێك بڕی 17 ملیۆن و 700 هەزار دۆلاری بە نەقدی خستوەتە بازاڕەوە.
بەهای 100 دۆلار لە عێراق و هەرێمی كوردستان، لەكاتی داخستنی بازاڕدا ئەمڕۆ گەیشتە سەرووی ١٢٩ هەزار و ٢٥٠ دینار.