فرۆشی دۆلار به‌رامبه‌ر دینار (59) ملیۆن كه‌مده‌كات

بانكی ناوه‌ندی رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ فرۆشتنی دۆلار له‌ بانكه‌كه‌یان به‌راورد به‌ كۆتا رۆژی هه‌فته‌ی رابردو نزیكه‌ی (59) ملیۆن دۆلار كه‌میكردوه‌.
له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بانكی ناوه‌ندی عێراق ئاشكرایكردوه‌؛ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (133.383.000) ملیۆن دۆلاریان به‌رامبه‌ر دیناری عێراقی فرۆشتوه‌، نرخی هه‌ر دۆلارێكیش به‌رامبه‌ر (1166) دیناری عێراقی بوه‌، به‌ڵام به‌راورد به‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی رابردو كه‌ (192.953.000) ملیۆن دۆلار فراشرابو،  رێژه‌كه‌ كه‌میكردوه‌. 
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی بانكی ناوه‌ندی (16.300.000) ملیۆن دۆلاریان به‌ نه‌قدی و یه‌ك دۆلار به‌رامبه‌ر (1166) دینار فرۆشتوه‌ و (117.083.000) ملیۆن دۆلاریش به‌شێوه‌ی حه‌واڵه‌ و بۆ هه‌ر دۆلارێك به‌رامبه‌ر (1171) فرۆشراوه‌، بۆ هه‌ر دۆلارێكی حه‌واڵه‌ش (13) دینار جیاوازی هه‌یه‌ كه‌ وه‌ك عموله‌ی بانكی وه‌رده‌گیرێت.
هه‌فته‌ی رابردو نرخی دۆلار له‌ بازاڕه‌كاندا به‌رامبه‌ر دیناری عێراقی نزمبونه‌وه‌ی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینی به‌جۆرێك نرخی یه‌ك دۆلار به‌رامبه‌ر (1210) دیناری عێراق فرۆشرا، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی بانكه‌كه‌دا هات كه‌ رایگه‌یاندبو؛ كارده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی نرخی یه‌ك دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له‌ بازاڕه‌كاندا دابه‌زێنێت و بیگه‌یه‌نێته‌ (1180) دینار.