لە نیوەی دووەمی ئەم سەدەیەدا گۆڕانكارییەكی زۆر لە بازاڕی وزەدا دروست دەبێت

نەوت جێ پەنجەی بە سەدەی 20ەوە دیارە، بەڵام ڕەنگە لە سەدەی 21دا خۆری نەوت وەك گەورەترین سەرچاوەی وزە ئاوابێت.

شارەزایانی بوارەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لەم سەدەیەدا بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر و ڕێگاكانی دیكەی وزەی خاوێن گڵۆڵە بە نەوت و خەڵوز و ڕێگا كۆنەكانی بەرهەمهێنانی وزە لێژ دەكات.

وزەی خۆر وەك جێگرەوە

كریستیان پرایەر، مامۆستای ئابوریی خۆر لە زانكۆیەكی فینلەندا بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، “لە بازاڕی كارەبا لە جیهاندا، بەرهەمهێنانی كارەبا لەڕێی سەدەكانەوە بەرەو شكان دەڕوات”، ئەوەشی وتووە، بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر تێچووی كەمترە لە بەرهەمهێنانی كارەبا و وزە بە ڕێگاكانی دیكە.

ئەو مامۆستای زانكۆیە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “لە وڵاتی هیندستان بەرهەمهێنانی وزە لەڕێی خەڵوزەوە بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، لەبەر ئەوە ڕێگایەكی ئابوریی نییە بەراورد بە وزەی خۆر”.

بەگوێرەی ئەو پێشبینییەی ئەو پسپۆڕەی بوارەكە كردوویەتی، لە نیوەی دووەمی ئەم سەدەیەدا گۆڕانكارییەكی زۆر لە بازاڕی وزەدا دروست دەبێت، هەروەها وێستگەیەكی زۆری وزە دروست دەبێت كە پشت ببەستێت بە پاتری.
وزەی خۆر سیستمی وزەی جیهان دەگۆڕێت

كریستیان پرایەر لەگەڵ 40 توێژەری دیكەدا لە بواری وزەی خۆر توێژینەوەیەكی زانستییان كردووە، پێشبینیی ئەوەیان كردووە لە چەند ساڵی داهاتوودا بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر بەخێرایی زیاد دەكات، ئەوەش دەبێتە هۆی گۆڕینی سیستمی وزەی جیهانی بەشێوەیەكی گەورە.

ئەوەشیان ئاشكراكردووە، ئەمڕۆ ئەو پانێڵانەی بۆ وزەی خۆر دروست كراون بە ڕێژەی زیاتر لە 3% پێداویستی كارەبای جیهان پڕ دەكەنەوە، هەروەها پێشبینی كراوە لە ساڵی 2030دا ئەو ڕێژەیە بۆ 35% بەرزببێتەوە.

لەو توێژینەوەیەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، بەرهەمهێنانی وزە لەڕێی خۆرەوە لە 730 گێگاواتەوە كە قەبارەی ئێستایەتی تا ساڵی 2030 بەرز دەبێتەوە بۆ 10 هەزار گێگاوات، هەروەها تا ساڵی 2050 بەرزدەبێتەوە بۆ 40 بۆ 70 هەزار گێگاوات.
هۆكاری سەركەوتنی وزەی خۆر نرخەكەی دەبێت

شارەزایان ئەوەیان ئاشكراكردووە، تێچووی بەرهەمێهانی كارەبا لەڕێی وزەی خۆرەوە لە وێستگەكاندا بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی كەشوهەوا 2.5 یۆرۆ دەبێت بۆ هەر كیلۆواتێك.

بەراورد بە بەرهەمهێنانی كارەبا لەڕێی خەڵوز و گاز و تەنانەت ئەتۆمەوە، بەرهەمهینانی لەڕێی وزەی خۆرەوە زۆر هەرزانتر دەكەوێت، ئەوەش پاڵپشتە بۆ زیاتر پەرەپێدانی ئەو كەرتە.
وزەی خۆر جێگرەوەی نەوت لە كەرتی هاتوچۆ و گەرمكردنەوە

هەرچەندە لە ئێستادا بەهای ئۆتۆمبێلە ئەلیكترۆنییەكان گرانن، بەڵام لە داهاتوودا لەڕێی بەرهەمهێنانی پاتری بە نرخێكی كەمتر بەهای ئەو ئۆتۆمبێلانەش دادەبەزێت و دەبێتە جێگرەوەی ئۆتۆمبێلە ئاساییەكان كە بە شلەمەنی كار دەكات، وەك شارەزایانی بوارەكە باسیان لێوەكردووە.

پێشبینی ئەوەشیانكردووە، تا ساڵی 2030 لەنێو ئەو ئۆتۆمبێلە نوێیانەی دەفرۆشرێن 40 بۆ 70%یان ئەو ئۆتۆمبێلانە بن كە بە پاتری كار دەكەن و ئەلیكترۆنین.

لەلایەكی دیكەوە شارەزایانی بوارەكە ئەوەیان خستوەتەڕوو، بۆ گەرمكردنەوە كە ئێستا زیاتر پشت بە زەیت و گاز دەبەسترێت، لە داهاتوودا پشت بە ڕێگایەكی دیكە دەبەسترێت كە وەك هاوڕێی ژینگەش دەبیندرێت، ئەوەش بەكارهێنانی ترومپای گەرم كەرەوەیە لەڕێی وزەی خۆرەوە.
هایدرۆجینی سەوز.. بەرەو سەردەمی وزەی خۆر

بە ڕێككەوتنی ئاووهەوا لە پاریس بە بەشداریی 60 وڵات، كۆتایی بە سەردەم یان سەدەی خەڵوز هێنرا، هەموو ئەو وڵاتانە دەبێت پابەند بن و جەختكراوەتەوە لەوەی دان بە لێكۆڵینەوەكان بۆ بەكارهێنانی خەڵوز بنرێت تا ساڵی 2050.

بەڵام بۆ بوارەكانی گواستنەوە ئاوی و ئاسمانییەكان، كە سوتەمەنییەكی زۆریان پێویستە تا ئێستا جێگرەوەی بانزین نەدۆزراوەتەوە، وڵاتانی پێشكەوتوو لە توێژینەوەكانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی لەڕێی هایدرۆجینەوە بگەن بە جۆرێك سوتەمەنی بۆ ئەوەی بزوێنەرە گەورەكان بەكار بخات.

بەگوێرەی ئەو توێژینەوانەی كریستیان پرایەر كردوونی، “ئاڕاستەكان بەجۆرێكن كە تێچووی بەرهەمهێنانی كارەبای وزەی خۆر لەژێر یەك سەنتەوە بێت بۆ كیلۆواتێك، ئەوەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەرهەمهێنانی هایدرۆجین و ڕێگایەكە بۆ سەردەمی وزەی خۆر”.