ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم رەزامەندی دا لەسەر تەرخانكردنی بڕی 35 ملیار دینار بۆ حەوت پڕۆژەی ستراتیژیی رێگاوبان لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان.
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەسەر داواکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و بەنوسراوی نوسینگەی وەزیر ژمارە (٤٩) کە لە رۆژی ٢٠٢٠/٩/٩ ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرابو، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی بڕی (٣٥) ملیار دینار بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری رێگاوبان لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان دەربڕی.
بەفەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی ٢٠٢٠/١٢/٨ نوسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابوری کردوەو تیایدا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تەرخانکردنی بڕی (٣٥) ملیار دینار بۆ تەواوکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژیی رێگاوبان لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان.
بەپێی راگەیەندراوەكە، تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ حەوت پڕۆژەی ستراتیژییە کە پێکهاتون لە دروستکردنی رێگای دوسایدی (دوکان-چورقوڕنە)و پردەکان و نۆژەنکردنەوەی رێگا کۆنەکان بەبڕی پێنج ملیار دینار.
تەرخانکردنی بڕی چوار ملیار دینار بۆ دروستکردنی سایدی دوەمی رێگای (وارماوا-زاڕەیەن-دەربەندیخان)و نۆژەنکردنەوەی سایدە کۆنەکە.
تەرخانکردنی بڕی دو ملیار دینار بۆ دروستکردنی پردی شانەدەری رێگای سەیدسادق.
تەرخانکردنی بڕی سێ ملیار دینار دروستکردنی رێگای خێران باشماخ-پێنجوێن لەگەڵ دو یەکتربڕ (قۆناغی دوەم.)
تەرخانکردنی بڕی چوار ملیار دینار بۆ دروستکردنی رێگای سایدی دوەمی (دوکان-چوارقوڕنە) و پردەکان و نۆژەنکردنەوەی رێگا کۆنەکە بە درێژی 19کم(قۆناغی دوەم).
تەرخانکردنی بڕی حەوت ملیار دینار بۆ دروستکردنی رێڕەوی دوەمی رێگای (هەڵەبجە-سەیدسادق) بە درێژی (28.8)کم، لەگەڵ تەرخانکردنی بڕی (10) ملیار دینار بۆ دروستکردنی سایدی دوەمی رێگای (کەلار-کفری.)
ئەوەشی خستۆتەڕو: لەئێستادا بەشێک لەو پڕۆژانە کارکردن تیایاندا بەردەوامەو لە ماوەکانی رابردوشدا، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەشێوەیەکی مەیدانی پڕۆژەکانی بەسەرکردبوەوەو بڕیاری بەگەڕخستنەوەی بۆ دەرکردبون، لەوانەش رێگای دوکان-چوارقوڕنە لە ٢٠٢٠/١٠/١١ و رێگای باشماخ پێنجوێن لە ٢٠٢٠/٩/٢٠ بەگەڕخرانەوە.