لیستی باشترین و پڕفرۆشترین فرۆشگا و ماركێتە زنجیرەییەكانی ئەوروپا راگەیەنران

لیستی باشترین و پڕفرۆشترین فرۆشگا و ماركێتە زنجیرەییەكانی ئەوروپا راگەیەنران و لە حەوت باشترینی ئەو ماركێتانە، چواریان ئەڵمانین و فرۆشگا فڕەنسییەكانیش دەستێكی باڵایان لەم بازاڕەدا هەیە.

ئەمساڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و كاریگەرییەكانی ئەو پەتایە لەسەر دنیا كاریگەریی لەسەر هەموو كەرتێك هەبووە، ئەو ماركێتانە زیاتر سەركەوتوو بوون كە توانیان باشتر خۆیان لەگەڵ دۆخەكە بگونجێنن.

شوارتز
گرووپی شوارتز لە ساڵی 1973 یەكەم فرۆشگای زنجیرەیی خۆی لە باشووری ئەڵمانیا بنیات نا و ئێستە خاوەنی 485 هەزار كارمەندە و لە وڵاتانی ئەوروپا 12 هەزار و 492 لقی هەیە. ئەم فرۆشگا زنجیرەییە لە ساڵی 2018دا 112 ملیار و 720 ملیۆن یۆرۆ فرۆشی هەبووە، بەڵام ئەمساڵ قەبارەی فرۆشەكەی سەرووی 139 ملیار یۆرۆیە و لە ریزبەندی یەكەمی پڕفرۆشترین ماركێتەكانی ئەوروپا هەڵكەوتووە.

ئامازۆن
كۆمپانیای ئامازۆن بە فرۆشی ئۆنلاینی خۆراك توانی لەم بازاڕەدا پێگەی خۆی بەهێز بكات. ئامازۆن لە كاتێكدا لە ساڵی 2018 تەنیا 33 ملیار یۆرۆ خۆراكی فرۆشتبوو، لە ساڵی 2020 بەهۆی رێوشوێنەكانی كۆرۆنا و كەرەنتین قەبارەی فرۆشتنەكەی بۆ 103 ملیار یۆرۆ بەرز كردەوە و لە ریزبەندی دووەمی پڕفرۆشترین ماركێتەكان جێی خۆی كردووەتەوە.

گرووپی REWE
گرووپی REWE ئەمساڵ بە بەهای 82 ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆ فرۆشی هەبووە. بنكەی سەرەكی ئەم كۆمپانیایە لە كۆڵنی ئەڵمانیایە و دامەزراندنەكەی بۆ ساڵی 1927 دەگەڕێتەوە. كۆمپانیاكە ئێستە 363 هەزار كارمەند و سێ هەزار و 300 لقی هەیە. ماركێتە زنجیرەییەكانی لێنیه نیزیش هەر سەر بەم كۆمپانیایەن كە تەنیا لە ئەڵمانیا دوو هەزار و 150 لقی هەیە. كۆی قەبارەی فرۆشی ئەم كۆمپانیایە دوو ساڵ لەمەوبەر 57 ملیار یۆرۆ بووە.

تیسكۆ
فرۆشگای بەریتانی تیسكۆ خاوەنی 440 هەزار كارمەندە و شەش هەزار و 800 لقی جیاوازی لە ئەوروپا هەیە. ئەم فرۆشگایەش بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1919 دامەزرا و لە ساڵی 2018 قەبارەی فرۆشتنی گەیشتە سەرووی 61  ملیار یۆرۆ، لە ساڵی 2020یش قەبارەكەی بۆ سەرووی 81 ملیار بەرز كردووەتەوە و لە ریزبەندی چوارەمی پڕفرۆشترین ماركێتەكانی ئەوروپا دێت.

ئاڵدی
ماركێتی ئاڵدی باكور كە ماركێتێكی ئەڵمانییە لە ریزبەندی پێنجەمدا دێت و كۆی قەبارەی فرۆشەكەی لەمساڵدا گەیشتووەتە سەرووی 71 ملیار یۆرۆ. ئەو خاوەنی 60 هەزار كارمەندە و لە نۆ وڵات لقی هەیە، بەڵام ئاڵدی باشوور سەرووی 157 هەزار كارمەندی هەیە و لە 11 وڵات چالاكی هەیە. دوو ساڵ لەمەوبەر قەبارەی فرۆشی ئەم كۆمپانیایە 63 ملیار یۆرۆ بوو.
ساڵی 1958 دامەزراوە و ئێستە خاوەنی 221 هەزار و 38 كارمەندە

كارفوور
كارفوور فرۆشگایەكی فڕەنسییە كە لە هەرێمی كورستانیش كۆمەڵێك لقی هەیە. ئەو فرۆشگایە یەكەم جار لە ساڵی 1958 دامەزراوە و ئێستە خاوەنی 221 هەزار و 38 كارمەندە. 12 هەزار و 100 لقی جیاوازی لە 30 وڵاتی دنیادا هەیە. لە ساڵی 2018دا كارفوور بە بەهای 64 ملیار یۆرۆ فرۆشی هەبوو، بەڵام ئەمساڵ قەبارەكەی بۆ 67 ملیار یۆرۆ بەرز بووەتەوە. كارفوور لە ریزبەندی شەشەمدا دێت.

ئێدێكا
گرووپی ئێدێكا لە ساڵی 1907 بنیات نراوە و ناوەندە سەرەكییەكەی ئێستە لە هامبورگی ئەڵمانیایە و خاوەنی 281 هەزار كارمەندە. فرۆشگای زنجیرەیی نێتۆ كە چوار هەزار و 200 كارمەندی هەیە سەر بە هەمان گرووپە. قەبارەی فرۆشی ئەو كۆمپانیایە لە ساڵی 2018 بریتی بوو لە 57 ملیار یۆرۆ، بەڵام ئەمساڵ بۆ 65 ملیار بەرز بووەتەوە.

لۆكلێر
لۆكلێر كۆمپانیایەكی فڕەنسییە و لە ساڵی 1949 لە لایەن ئێدوارد لۆكلێر دامەزرا و خاوەنی 560 لقە لە فڕەنسا. لە وڵاتانی ئیتاڵیا، پۆڵۆنیا، پورتوگال، ئیسپانیا و سلۆڤێنیش لقی هەیە. كۆی فرۆشی كۆمپانیاكە لە ساڵی 2018 سەرووی 28 ملیار یۆرۆ بوو، بەڵام ئەمساڵ قەبارەكەی بۆ 42 ملیار بەرز بووەتەوە.

ئوشان
ئوشان فرۆشگایەكی تری فڕەنسییە و لە ساڵی 1961 دامەزراوە. كۆمپانیاكە خاوەنی 302 هەزار كارمەندە و چوار هەزار و 84 لقی جیاوازی لە 15 وڵاتی دنیا هەیە. بە پێچەوانەی فرۆشگاكانی تر قەبارەی فرۆشی ئەم كۆمپانیایە لە 42 ملیار یۆرۆ لە ساڵی 2018 بۆ 37 ملیار یۆرۆ لەمساڵدا دابەزیوە.

سێنیز باریز
سێنیز باریز لە ساڵی 1869 دامەزراوە و خاوەنی هەزار و 16 لقی جیاوازە و 178 هەزار كەسیش كاری تێدا دەكەن. فرۆشی ئەو زنجیرە ماركێتەش لە ساڵی 2018 بریتی بوو لە 31 ملیار یۆرۆ، بەڵام ئەمساڵ بۆ 35 ملیار یۆرۆ هەڵكشاوە. ئێستە كۆمپانیاكە زیاتر لە بواری هایپێرماركێت، سوپەر ماركێت، سوپەر سەنتەر و فرۆشگا زنجیرەییەكان چالاكی هەیە و لە ریزبەندی دەیەمی پڕفرۆشترین فرۆشگاكان دێت.

ئینتەر مارشە
ئینتەر مارشە لە ساڵی 1969 دامەزراوە و جگە لە فڕەنسا لە وڵاتانی میسر، لبنان، پورتوگال، پۆڵۆنیا  و سێربیا لقی هەیە. فرۆشی دوو ساڵ لەمەوبەری ئەم كۆمپانیایە پێنج ملیار یۆرۆ بووە، بەڵام ئێستە بۆ 35 ملیار یۆرۆ بەرز بووەتەوە.

ئاهۆڵد
ئاهۆڵد فرۆشگایەكی زنجیرەیی هۆڵەندییە و خاوەنی 380 هەزار كارمەندە و سێ هەزار و 206 لقی هەیە، قەبارەی فرۆشەكەی لە 28 ملیار یۆرۆوە بۆ 32 ملیار یۆرۆ بەرز بووەتەوە.

ئێكس 5
زنجیرە ماركێتی ئێكس 5 لە رووسیا سەرووی 307 هەزار كارمەندی هەیە و بەگوێرەی دۆیچەوێلە، فرۆشەكەی لە 24 ملیار یۆرۆوە بۆ 29 ملیار یۆرۆ هەڵكشاوە.

مێترۆ
مێترۆ كۆمپانیایەكی ئەڵمانییە و قەبارەی فرۆشەكەی لە 35 ملیار یۆرۆ لە ساڵی 2018 بەرەو 29 ملیار یۆرۆ لە ساڵی 2020 كەمی كردووە. كۆمپانیاكە لە ساڵی 1996 لە ئەڵمانیا بنیات نراوە و خاوەنی 100 هەزار كارمەند و 678 لقە و لە ریزبەندی 14 هەڵكەوتووە.
ئاسدا
ئاسدا فرۆشگایەكی بەریتانییە و بە دووەم گەورەترین فرۆشگای زنجیرەیی بەریتانیا هەژمار دەكرێت كە لە ساڵی  1999 لە لایەن كۆمپانیای ئەمەریكی وال مارت هاتە كڕین. ئاسدا لە ساڵی 1965 دامەزراوە و ئێستە خاوەنی 140 هەزار كارمەندە و قەبارەی فرۆشەكەی لە ساڵی 2020 سەرووی 27 ملیار یۆرۆ بووە.