مالیکی داوا لە کۆمپانیای گازپرۆمی روسی دەکات کارەکانی لە هەرێم رابگرێت

ئاژانسی هەواڵی (ئینتەر فاکس)ی روسی بڵاویکردوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە کۆمپانیای گازپرۆمی نەوتی روسی کردوە، کارەکانی لەهەرێمی کوردستان رابگرێت.
لە هەوالێکیدا ئەو ئاژانسە ئاماژەی بەوەداوە: مالیکی داوای راگرتنی کارەکانی ئەو کۆمپانیایەی کردوە لە هەرێمی کوردستان تا ئەوکاتەی یاسای نەوتی نوێ دەردەچێت.
ئەوەش دەخاتەڕو: مالیکی پێی باشبوە ئەو کۆمپانیایە کارەکانی رابگرێت و دواتر بەپێی یاسا نوێکەی نەوت گرێبەست واژۆبکاتەوە تاوەکو کێشە دروست نەبێت.
کۆمپانیای گازپرۆمی نەوتی بە یەکێک لە کۆمپانیا سەرەکییەکانی روسیا دادەنرێت لەروی بەرهەمهێنانی غازی روسیاوە و هەناردەکردنەوە و لە هەرێمی کوردستانیش لە دو گێڵگەی نەوتیدا کار دەکات.
ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ رۆژی (20)ی ئه‌م مانگه‌، مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کورستان سەردانی روسیای کرد و له‌ شاری بیترۆسبۆرگ له‌گه‌ڵ ئه‌لیكسی میلله‌ر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی كۆمپانیای گازپرۆم نەوتی روسیا كۆبۆوه‌ .
له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی كۆمپانیاكه‌ تەئکیدیکردوە له‌ به‌رده‌وامیدان به‌ پرۆژه‌ و گرێبه‌سته‌كانی كاركردنیان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و له‌ پلانی فراوانتر كردنی كاره‌كانیشیان دوا به‌ جۆرێك كه‌ بواره‌ جیاجیاكانی دیكه‌ی ژێرخانی ئابوریش له‌ هه‌رێمی كوردستان بگرێته‌وه‌.
لای خۆشیەوە مەسعود بارزانی ئاماده‌یی هه‌رێمی بۆ فراوانتركردنی كار و پرۆژه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردولا نیشاندا و بانگهێشتی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمپانیای گازپرۆمیشی كرد تا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان.