ھەناری ھەڵەبجە لەلایە بازرگانێکەوە رەوانەی دەرەوە دەکرێت و ھەریەک لە وڵاتەکانی بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا داوای ھەناری ھەڵەبجەیان کردووە، ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ساڵانە زیاد لە 500 تهن ھەناری ھەڵەبجە ھەناردەی دەرەوە دەكرێت،و سودێکی زۆری دەبێت بۆ ئەو خاوەن باخانەی ساڵانی رابردوو گرفتی ساغبوونەوەی ھەناریان ھەبوو، بازرگانەکەش دەڵێ “دەمەوێ ھەناری ھەڵەبجە بکەمە براندێکی جیھانی”.
ھەناری ھەڵەبجە لە مەودوا سنوورەكان دەبڕێت و دەگاتە چەندین وڵاتی جیھان، بۆیە چیدیكە بە تەنیا خەڵكی ھەڵەبجە تام و چێژ لە ھەناری ناوچەكەیان وەرناگرن، چونكە لە چەندین وڵات ھەناری ھەڵەبجە داواکاری لەسەرەو مانگانە تا کۆتایی ھاتنی وەرزی ھەنار ھەناردەی دەرەوەش دەكرێت.
فەرەیدون نامدار، ئەو بازرگانەی ھەناری ھەڵەبجە ھاوردە دەكات، بە كوردستان24ی گوت: “بۆ ئەوەی ھەنارەكان بە ساغی بگەنە وڵاتان، دەبێ بەشێوەیەكی زانستیانە لێبكرێنەوە و دواتر بخرێنە ناو كارتۆنەوە، خەڵك ھەیە رۆژانە 10 تەن ھەنار لێدەكەنەوە، بەڵام ئێمە دوو تەن لێدەكەینەوە”.
گوتیشی: “جیاوازی ھەناری كوردستان لەگەڵ وڵاتان ئەوەیە، دار ھەناری كوردستان بەبێ دەرمان گەورە دەبێت و رەنگی ھەنارەكانیش سرووشتی خۆیەتی كە لە ھەندێك وڵات رەنگەكەشی بە دەرمان سوور دەكرێت، بەڵام ھی كوردستان رەنگی خۆیەتی، بۆیە دەتوانین بیكەین بە براند”.
ساڵانە لەسەرەتای مانگی ئۆكتۆبەرەوە دەست بە لێکردنەوەی ھەنارەكان دەکرێت بەشێوەیەکی زانستی، بۆ ئەوەی خراپ نەبن و لەنێو ساردخانە دادەندرێن تاکاتی ئامادەکردن و ناردنیان بۆ دەرەوەی وڵات.
فەرەیدون نامدار، دەڵێ: “ھەندێك جوتیار ھەنارەكان لێ ناكەنەوە تا باران دەبارێت و دواتر دەكەونە خوارەوەو بریندار دەبن، ئێمە ئاسانكاریمان كردووە و ساردخانەمان داناوە، ئەمساڵ ھەناری زیاتر لە 25 باخمان لە جوتیاران كڕیوە”.
ساڵانی رابردوو ھەناری ھەڵەبجە بە زەحمەت لەنێو خۆی وڵاتدا ساغ دەکرایەوە، بەھۆی نەبوونی ساردکەرەوەی، تایبەت بەڵام ئێستا ئەم بازرگانە ساڵانە دەیان باخی ھەنار لە باخەوانەکانی ئەو سنوورە دەکرێت و باشترینەکانیان ھەناردەی دەروە دەکات، ئەوەی دیکەشی دەکرێتە سركە و شەربەتی ھەنار.