پاش ئەوەی چەند جارێک بازگانانی هەرێمی کوردستان و سنوری پارێزگای سلێمانی ناڕەزایەتی خۆیان گەیاندە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەبارەی وەرگرتنی بڕی پەنجا دۆلار بۆ هەر بارێک لەکاتی هاوردەکرنی کاڵا لەئێستادا لەدیوی ئێرانەوە ئەو بڕە پارەیە وەرناگیرێت و کۆتای پێدێت.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلیمانی ڕایگەیاند” لەماوەی ڕابردودا ژمارەیەک لەبازرگانانی هاوردەکردنی کاڵاو شتومەکی ترانزێتی نیگەرانی خۆیان لەوە دەربڕی کە بڕی ٥٠$ بۆ هەربارێک لەدیوی ئێرانەوە وەر دەگیرێت بەبیانوی ڕێگاوبان لەکاتێکدا ئەو پارەیە بۆ حکومەت نیەی، هەربۆیە ئێمەش هەوڵەکانمان چڕکردەوە و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی عێراق دەستمان بە گفتوگۆکرد دەربارەی ئەو پارەیە کە وەردەگیرێت و ناچێتە خەزێنەی حکومەتەوە”.
راشیگەیاند” خۆشبەختانە پاش کۆڵنەدانمان و بەردەوابونی هەوڵەکانمان یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی عێراق ئاگاداریان کردینەوە لەوەی چیتر ئەو پارەیە لە بارە ترانزێتێکان وەرناگیرێت”.
باری ترانزێتی هەمو ئەو جۆرە بارانە دەگرێتەوە کەبەناو خاکی ئێراندا تێپەڕ دەبێت و لەووڵاتنی دیکەوە دێت بۆ کوردستان واتا بارەکان هی ناوخۆی ئێران نین.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، زیادکردنی هەر بڕە پارەیەک لەسەر کاڵاو شتومەک لەکاتی هاوردەکردندا ئەوا کاریگەری لەسەر نرخ دەبێت لەبازاڕەکاندا و هاووڵاتیان بەگران دەگات بەدەستیان بۆیە پێویستە هەموو ئەو ئەرقەلەو ڕێگریانە لاببرێت کەدروست دەکرێت بۆ کاری بازرگانی.