وەزیری دارایی عێراق بە ڕۆژنامەیەكی بەریتانی ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری بەرزنەبوونەوەی بەهای نەوت، ئەگەری ئەوە هەیە عێراق لە ڕێكخراوی ئۆپیك بكشێتەوە.
عەلی عەلاوی، وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا بە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕاگەیاندووە، “گەندەڵی ئابوریی عێراقی خواردووە، بە پلەیەك كە ئاڵوگۆری هەندێك پێگەی وەزیفی پلە دوو لە خاڵە سنوورییەكان دەگاتە 100 هەزار دۆلار یان زیاتر”.
سەبارەت بە هەوڵەكانی حكومەت بۆ چاكسازی، وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەكردووە، “هیچ ڕێوشوێنێكی خێرا بوونی نییە، ئەگەری مانەوەی ئابوری عێراق بەمجۆرە بۆ ماوەیەكی درێژخایەن هەیە گەر بێت و نرخی نەوت نەگاتەوە سەرووی 70 دۆلار”.
عەلاوی ئەوەشی ئاشكراكردووە، “ئەو داهاتەی لە خاڵە سنوورییەكانەوە دەگاتە خەزێنەی حكومەت ساڵانە نزیكە لە 8 ملیار دۆلار، كە ئەوەش داهاتی تەنها لە دەیا یەكیەتی”.
وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، “ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین كە بەهای نەوت بەرز نابێتەوە، ئەوا یەكێك لەم بژاردانەمان لە بەردەمدایە، یان دەبێت هەمان ڕێگاكەی فەنزوێلا هەڵبژێرین و ئابورییە نەوتییەكەمان بەرەو مایەپووچ بوونمان ببات، یان دەبێت خۆمان توندوتۆڵ بكەینەوە”.
عەلی عەلاوی ئاشكرایكردووە، “كەس ناچێتە بژاردەی خۆ توندوتۆڵكردنەوەوە، هەندێك بڕیار هەن ئاماژەن بۆ پێویستبوونی گۆڕانكاری، خەرجییە گشتییەكانی ئێستای عێراق نابێت بەو جۆرە بمێننەوە”.
عەلاوی كە هاوكات جێگری سەرۆكوەزیرانە ئەوەشی وتووە، “ئەمەوێت ئەوە بخەمەڕوو، “عێراق پلانی ئۆپیكی بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت قبوڵكردووە، بەبێ ئەوەی ڕێكخراوی ئۆپیك سەیری بارودۆخی ئابوریی وڵاتانی ئەندام بكات، بارودۆخەكە بەجۆرێكە ڕەنگە عێراق لە ڕێكخراوەكە بكشێتەوە”.