چین پێگەیەکی تری جیهانی لەئەمریکا دەسه‌نێت

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ کە پشتی بەداتاکانی ئاژانسی وزەی جیهانیی بەستوە، چین دوای کردنەوەی چەند پاڵاوتگەیەکی نوێی پاڵاوتنی نەوت، لەبواری پاڵاوتنی نەوتدا، پێش ئەمریکا کەوتۆتەوەو  پلەی یەکەمی جیهانیی گرتوە.



وەک بەڵگەیەک بۆ پێشکەوتنەوەی چین لەبواری پاڵاوتنی نەوت، ئاژانسەکە ئاماژەی بەداخستنی هەردوو پاڵاوتگەی وەک “ڕۆیاڵ دویچە”و “شێڵ” لەویلایەتی ئەریزۆنا کردوە، لەکاتێکدا چین چوار پاڵاوتگەی نوێی پاڵاوتنی نەوتی خاو کردۆتەوە کە ڕۆژانە دەتوانن ١،٢ ملیۆن بەرمیل نەوت بپاڵێون.



باس لەوەشکراوە، توانای ئەو چوار پاڵاوگە نوێیەی چین کردویەتییەوە، هاوتای توانای پاڵاوتنی نەوتی خاوە لەوڵاتی بەریتانیا.



لەساڵی ڕابردودا بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خواست لەسەر سوتەمەنی کەمیکرد، ئەمەش کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی نەوتی خاوو پاڵاوتنی هەبوو، بەشێوەیەک پاڵاوتنی نەوت ڕۆژانە ١،٧ ملیۆن بەرمیل کەمیکرد کە نیوەی ئەو کەمکردنەوەیەش لەپاڵاوتگەکانی ئەمریکا بوو.



کەمکردنی خواست لەسەر سوتەمەنی لەئەوروپاو ئەمریکا کە توشی قەیرانێکی قوڵی دارایی هاتون، لەکاتێکدایە لەچین‌و وڵاتانی ئاسیا داواکاری لەسەر نەوت‌و پلاستیک زیادیکردوە.