بۆ‌ ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كان،ئاگادری باری زیادەبن،غەرامەكانتان زیادی كرد

وته‌بێژی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ هاتوچۆی‌ سلێمانی‌ ئاشكرایكرد، غه‌رامه‌ی‌ سه‌رپێچی‌ ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان زیاد ده‌كرێت، له‌ئه‌مڕۆشه‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێده‌كرێت.
نه‌قیب (مه‌ریوان محه‌مه‌د) وته‌بێژی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ هاتوچۆی‌ سلێمانی‌ به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، له‌ئه‌مڕۆوه‌ ده‌ستده‌كه‌ن به‌جێبه‌جێكردنی‌ سیستمێكی‌ نوێ‌ سه‌باره‌ت به‌غه‌رامه‌كردنی‌ ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگرانه‌ی‌ كه‌ زیاد له‌كێشی‌ ڕێگه‌پێدراوی‌ خۆیان بارده‌كه‌ن.
وتیشی‌:”به‌پێی‌ سیستمه‌ كۆنه‌كه‌، بۆ هه‌ر تۆنێكی‌ زیاده‌ بڕی‌ ده‌ هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرا، به‌ڵام به‌پێی‌ ئه‌م سیستمه‌ نوێیه‌، هه‌ر ئۆتۆمبێلێكی‌ بارهه‌ڵگر زیاد له‌كێشی‌ خۆی‌ باربكات، بۆ هه‌ر تۆنێك بڕی‌ (50) هه‌زار دینار غه‌رامه‌ ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ دابه‌زاندنی‌ باره‌ زیاده‌كه‌”.
نه‌قیب مه‌ریوان هێمای‌ به‌وه‌شكرد، ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگرانه‌ی‌ كه‌ ناچنه‌ ناو مه‌ڵبه‌نده‌كانی‌ كێش‌و له‌مه‌ڵبه‌نده‌كانی‌ كێش خۆیان ده‌دزنه‌وه‌‌و به‌ڕێگه‌یه‌كی‌ لاوه‌كی‌ تردا ده‌ڕۆن، بڕیاردراوه‌ به‌غه‌رامه‌كردنیان به‌بڕی‌ (200) هه‌زار دینار تا (400) هه‌زار دینار.