سەرۆكی حكومەتی هەرێم: دەمانەوێت ببینە حكومەتێكی تەواو ئەلیكترۆنی

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، كابینەی نۆیەم كاردەكات بۆ مۆدێرنەكردنی خزمەتگوزارییەكان و دەمانەوێت ببینە حكومەتێكی تەواو ئەلیكترۆنی و دەشڵێت، “ساڵی داهاتوو هەموو كەسێك دەبێتە خاوەن ناسنامەی دیجیتاڵی”.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی دووەم ڕێوڕەسمی واژووکردنی گرێبەستێک لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و گروپی میولباوەری ئەڵمانی بەڕێوەچوو، کە لە بواری بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانە، بەتایبەتی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و مۆڵەتی شوفێری و چەند خزمەتگوزارییەکی تر.

لەمیانەی مەراسیمی واژووكردنی گرێبەستەكەدا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكرد و وتی، “كۆتاییهێنان به‌ پشتبه‌ستنمان به‌ كاری كاغه‌زی و دابینكردنی خزمه‌تگوزاریی دیجیتاڵی، كارێكی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ پێویستییه‌كه‌، ئێمه‌ هیچ رێگه‌یه‌كی دیكه‌مان له‌به‌رده‌مدا نییه‌، یان ده‌بێ له‌گه‌ڵ ته‌كنەلۆجیا پێشبكه‌وین و به‌ره‌وپێش بچین، یان له‌ رابردوودا بمێنینه‌وه‌ گیر بخۆین”.

مەسرور بارزانی ئەوەشی وت، “بێگومان به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا، نه‌ك ته‌نیا كارایی و شه‌فافیه‌ت له‌ كاری حكومه‌ت زیاد ده‌كات، به‌ڵكو یارمه‌تیشمان ده‌دات بۆ به‌دیجیتاڵكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و باشتركردنی كوالێتی كه‌ هاوشانی وڵاتانی پێشكه‌وتووی دونیا بێت”.

وتیشی، “كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ قازانجی كه‌رتی گشتیدا ئه‌وه‌یه‌: له‌ ساڵی داهاتووەوە هه‌ر هاووڵاتییه‌كی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌ خاوه‌نی ناسنامه‌ی دیجیتاڵی، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م سیسته‌می زانیاریی دانیشتوانمان بۆ دروست ده‌كات، كه‌ پێشمه‌رجه‌ بۆ گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری دیجیتاڵی، یه‌كه‌میشیان خزمه‌تگوزاری شۆفێری و تۆماركردنی ئۆتۆمبێل ده‌بێت، كه‌ زیاتر له‌ دوو ملیۆن هاووڵاتی سوودی لێ وه‌رده‌گرن، هه‌موو شۆفێرێكیش كارتی زیره‌كی ده‌بێت، یه‌كه‌كانی پۆلیسی گه‌ڕۆكیش ئامێرێكیان ده‌بێت كه‌ ده‌ستبه‌جێ ده‌توانن ئۆتۆمبێله‌كان و شۆفێران كۆنترۆڵ بكه‌ن”.

سەرۆكی حكومەت ئەوەشی ڕوونكردەوە، “هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌دا نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیمی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران، كاك قوباد كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ باشترین و ئاسانترین شێوه‌ بگەنه‌ هاووڵاتیان، رێوشوێنه‌كانی راییكردنی مامه‌ڵه‌ش كه‌مبكرێنه‌وه‌ و سه‌ره‌نجام داهات زیادبكرێت”.

دوپاتیشیكردەوە، ئیمزاكردنی ئه‌م گرێبه‌سته‌ به‌شێكی گرنگه‌ له‌ هه‌نگاو و هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ پێناو چاكسازی و مۆدێرنكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكومه‌ت له ‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ببینه‌ حكومه‌تێكی دیجیتاڵی راسته‌قینه.