لیژنەی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان سه‌ردانی سلێمانی كرد

لیژنه‌ی یه‌كێتی ژووره‌ بازرگانییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی كرد.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٣١١٢٠٢٠ لیژنەی تایبەتی یەکێتی ژوورەکان کە پێکهاتبوون لە شڤان عبدالره‌حمان، ئەمینداری یەکێتی ژووره‌كانی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌سكه‌نده‌ر محه‌مه‌د و  کاروان سورچی بەمەبەستی بەدواداچوونی کارەکان سەردانی ژووری بازرگانی پیشه‌سازی سلێمانیان کرد، لەلایەن سەرۆک و  ئەندامانی  ئه‌نجومه‌نی كارگێری و به‌رێوبه‌ری گشتیه‌وه‌ به‌گه‌رمی پێشوازیان لێكرا.
شڤان عبدلره‌حمان، ئەمینداری یەکێتی ژووره‌كانی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان  رایگه‌یاند ”له‌ئێستادا سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی راپۆرتێكین بۆ ئه‌نجومه‌نی كارگێری یه‌كێتی ژووره‌كانی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌رێوه‌چونی كاره‌كان له‌ هه‌ر چوار ژووره‌ بازرگانییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان (هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌) تاكو ئاگادار بین له‌ جێبه‌جێ كردنی ڕێنمای و یاساكان له‌ كاتی ڕایكردنی كاروباری هاوڵاتیان و خاوه‌نكاران”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، راپۆرته‌كه‌مان تایبه‌ت ده‌بێت به‌ بواره‌كانی تۆماركردنی ناوی بازرگانی و نوسینگه‌كانی خانووبه‌ره‌ و ڕێنماییه‌كان، هه‌وڵده‌ده‌ین به‌و به‌ڕی تواناوه‌ كارئاسانی بۆ بازرگانان و خاوه‌نكاران بكه‌ین و ئه‌گه‌ر رۆتیناتێكی زیاد هه‌بێت كه‌می ده‌كه‌ینه‌وه‌ تاكو به‌خێراترین كات كاره‌كانی هاوڵاتیان و خاوه‌نكاران ڕایبكه‌ین هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێت رێنماییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كگرتوو له‌سه‌رجه‌م ژووره‌بازرگانییه‌كان جێبه‌جێ بكرێت.

لایخۆشیه‌وه‌ سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی به‌خێرهاتنی شانده‌كه‌ی كرد و رایگه‌یاند ”هیوادارین سه‌ردانه‌كه‌تان ببێته‌هۆی به‌ره‌وپێشبردنی كاره‌كانی ژووره‌ بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئاسانكاری كردنی زیاتر بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ردانی ژووره‌ بازرگانییه‌كان ده‌كه‌ن”.