لەنێو 27 توێژینەوە لە هەشت وڵاتەوە جۆرە گەنمێكی كوردستان پلەی یەكەمی پێدەبەخشرێت

لەنێو 27 توێژینەوە لە هەشت وڵاتەوە، كۆمكاری عەرەبی خەڵاتی یەكەمی بەخشییە گەنمی “مەعروف” كە بەرهەمی كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانییە.

رێكخراوی عەرەبی بۆ گەشەپێدانی كشتوكاڵیی، كە سەر بە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبییە، خەڵاتی یەكەمی “ئاسایشی خۆراكیی بۆ ساڵی 2018″ی بەخشییە گەنمی “مەعروف”، كە تەرزێكی نوێی گەنمە و لە كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانی، بەرهەمهێنراوە.

كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی زانكۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە، گەنمی مەعروف، خاوەنی دوو تایبەتمەندییە، كە لە تەرزەكانی دیكەی گەنم جیای دەكاتەوە: بەرهەمی زۆرترە و بەرگرییەكی بەهێزیشی دژی نەخۆشییەكان هەیە.

27 توێژینەوە لە هەشت وڵاتی عەرەبییەوە “میسر، عێراق، سووریا، عومان، جەزائیر، سودان، ئوردن و فەڵەستین” كاندید بوون بۆ بردنەوەی خەڵاتی “ئاسایشی خۆراكیی بۆ ساڵی 2018” لەبواری زیادكردنی بەرهەمی گەنم. رێكخراوەكەی سەر بە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی پاش هەڵسەنگاندنی سەرجەم توێژینەوە و داهێنانەكان لەلایەن 11 شارەزاوە، خەڵاتی یەكەمی بەخشییە گەنمی “مەعروف”.

د. كارزان تۆفیق راگری كۆلێجی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی سلێمانی رایدەگەیەنێت “پرۆژەی هاوشێوەی گەنمی مەعروف گرنگیی زۆریان بۆ ئاسایشی خۆراكی هەرێمی كوردستان هەیە، هەربۆیە لەسەرەتای بیرۆكەكەوە پاڵپشتیمان كردون و هەوڵمانداوە تەواوی پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكەین”.