كۆنفڕانسی ئابووریی ھەرێم بەبەشداری مەسرور بارزانی، گرنگیدانی ئەمەریكایە بە كوردستان


سەرۆكی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، سازدانی كۆنفڕانسی “ئابووریی ھەرێمی كوردستان دوای كۆرۆنا” بە بەشداریی سەرۆكی حكومەت، بایەخی زۆری ھەیە و دەبێتە ھۆی ئەوەی كۆمپانیای زیاتری ئەمریكا بێنە ھەرێم و، گرنگیدانی ئەمریكاشە بە ھەرێمی كوردستان.

دارا جەلیل خەیات، سەرۆكی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکانی ھەرێمی كوردستان   رایگه‌یاند: “ئێمە وەكو سەرۆكی ژووری بازرگانیی ھەرێم، لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەشداری لە كۆنفڕانسی ئۆنڵاین لەبارەی ئابووریی ھەرێمی كوردستان دوای كۆرۆرنا دەكەین، كە گرنگییەكی زۆری ھەیە و بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییەكانیش زۆر باشە، بە تایبەت لەگەڵ ئەمریكا”.

وتیشی: “كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەیانەوێت كار بكەن و وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن، بێگومان ئەو كارەش گرنگیدانی ئەمریكایە بە ھەرێمی كوردستان، چونكە ھەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا زۆر جێی بایەخە”.

سەرۆكی ژووری بازرگانیی ھەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، لە ھەرێمی كوردستان چەندین كۆمپانیا ھەن كە لە چەندین بواردا كار دەكەن، وەكو بازرگانی و وەبەرھێنان و كۆمپانیاكانی بواری نەوت.

ئەمڕۆ و سبەی، كۆنفڕانسی ئابووریی ھەرێمی كوردستان دوای كۆرۆنا، بە بەشداریی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ژوورەكانی بازرگانیی ئەمریكا و بەرپرسانی باڵای ئەمریكا ئەنجام دەدرێت، كە بە شێوەی ئۆنڵاین بەڕێوە دەچێت.