ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی دەشتپێشخەریەکی کردووە بۆ دابینکردنی پێنج ترلیۆن دینار بۆ پرۆژە پیشەسازی و کشتوکاڵی و بازرگانییەکان.
حەمید ئەلغزی، سکرتێری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە راگەینراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو دەستپێشخەرییەی بانکی ناوەندیی دەبێتە هۆی بوژانەوەی ئابووری عیراق و هانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی دەدات.
راگەیاندنی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە، پێشتر وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق رایگەیاندبوو، پرۆژە یاسای بودجەی 2021 یان تەواوکردووە و لەماوەی مانگێکدا رەوانەی پەرلەمان دەکرێت، بەڵام هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی نوێ لە بودجەکەدا نییە.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق ئاماژەی بەوەشکردبوو، بەهۆی کەمیی داهاتەوە زیاتر گرنگی بە خەرجی بەکارخستن دراوە، ئەگەر پارە لە خەرجی بەکارخستن زیادبێت ئەوا دەخرێتە سەر خەرجی وەبەرهێنان و کاری لە پێشینەش، بۆ پڕۆژە بەردەوامەکانە بە تایبەت ئەوانەی کارکردن تێیاندا گەیشتووەتە قۆناغی پێشکەوتوو و پارەیەکی کەمیان پێویستە.
لەئێستادا، توانای ئابوری عيراق بەجۆرێکە، حکومەت توانای دابینکردنی مووچەی موچەخۆرانی نییە و بۆ یەکەمجار لەدوای ساڵی 2003ەوە دوو مانگی لەسەر یەک مووچەی فەرمانبەران دواکەوت.