سلێمانی.. له‌نێو سه‌دان گه‌نج 11یان براوه‌ بوون بۆ پاڵپشتیكردنی پرۆژه‌كانیان

هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ پایته‌ختی ڕۆشنبیری ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد كه‌ له‌لایه‌ن ڤیم فاونده‌یشنه‌وه‌ بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی میسۆپۆتامیا ڕێکدەخرێت، كۆمه‌ڵێك چالاكی له‌خۆ ده‌گرێت و سێ ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت، بڕیاریشه‌ ساڵانه‌ ئه‌م چالاكییه‌ له‌ سلێمانی به‌رده‌وام بێت.

ئه‌حمه‌د نه‌جم، جێگری سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی ڤیم له‌ لێدوانێكیدا وتی، “ئامانجمانه‌ له‌ڕێی ئه‌م جۆره‌ چالاكییانه‌وه‌ كارسازی به‌ كلتور بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر گه‌نجانمان هاوڵاتییانمان چاویان له‌ ده‌ستی حكومه‌ت و كه‌رتی گشتی نه‌بێت، چونكه‌ ده‌بینین ئه‌وه‌ كه‌رتی گشتیش موچه‌ی پێنادرێت، بۆیه‌ ده‌بێت تاكێكی كارساز به‌رهه‌م بهێنین”.

بڕیاره‌ ڤیم فاو‌نده‌یشن ساڵانه‌ به‌رده‌وامبێت له‌ ڕێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی، ئه‌حمه‌د نه‌جم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “له‌مساڵدا دوو چالاكی دیكه‌ی هاوشێوه‌مان ده‌بێت و هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانیش ساڵانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین”.

له‌ هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی، پرۆژه‌ وه‌رگیراوه‌كانی 11 گه‌نج نمایش ده‌كرێن، جێگری سه‌رۆكی ڤیم له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی، “له‌و پرۆژه‌یه‌ی ڕامانگه‌یاند بۆ ده‌ستگیرۆیی گه‌نجانی خاوه‌ن پرۆژه‌، 11 گه‌نج براوه‌ی قۆناغی یه‌كه‌م بوون و ئێمه‌ له‌ چه‌ند ڕوویه‌كه‌ هاوكاریان ده‌بین له‌وانه‌ هاوكاریی مه‌عنه‌وی كه‌ ڕاهێنان و خولیان بۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوكاریی دارایی كه‌ خۆی له‌ 6 بۆ 12 هه‌زار دۆلار پاڵپشتیی دارایی ده‌بینێته‌وه، ئامانجیشمانه‌ له‌و پرۆژه‌دا له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا هاوكاریی هه‌زار و 100 گه‌نجی خاوه‌ن پرۆژه‌ بكه‌ین‌”.

له‌كۆی سه‌دان كه‌س، پرۆژه‌ی 11 گه‌نج قبوڵكران كه‌ پێكهاتوون له‌مانه‌ی خواره‌وه‌..

ئارێز ئاسۆ، ته‌مه‌نی 29 ساڵه‌ و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دیبلۆمه‌ له‌ كاره‌با

ناوی پرۆژه‌ (ستۆدیۆی سه‌مای لاتینی)

ئارێز ئاسۆ له‌باره‌ی پرۆژه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، “پرۆژه‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ستۆدیۆ یان هۆڵێكم هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی تیایدا خولی سه‌مای ساڵسای لاتینی بڵێمه‌وه‌، ئامانجی من ئه‌وه‌یه‌ په‌ره‌ به‌و سه‌مایه‌ بده‌م و خاوه‌نی فێرگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆم بم”.

شنیار محه‌مه‌د، ته‌مه‌نی 22 ساڵه‌ و ئه‌ندازیاری شارستانییه‌

ناه‌ی پرۆژه‌كه‌ی (ئارت لایف ئینتریه‌ر)

شنیار محه‌مه‌د له‌باره‌ی پرۆژه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، “پرۆژه‌كه‌ی ئێمه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دیزاینكردنی ژووری منداڵان، بیرۆكه‌كه‌ش له‌وه‌وه‌ بۆمان هات كه‌ له‌ مۆبیلیاتێكدا كارمان ده‌كرد بۆمان ده‌ركه‌وت دایكان و باوكان شاره‌زاییان نه‌بوو له‌وه‌ی چ ڕه‌نگ و ستایلێك بۆ ژووری منداڵه‌كانیان هه‌ڵبژێرن و پێویستیان به‌ كه‌سێك بوو ڕێنوێنیان بكات، بۆیه‌ بڕیارمان دا به‌ ستافێكی سێ كه‌سی كه‌ پێكدێت له‌ ئه‌ندازیارێكی شارستانی و ڕاوێژكارێكی ده‌روونی و گرافیك دیزاینه‌رێك، ئه‌م پرۆژه‌یه‌مان هه‌بێت”.

دیار ئه‌حمه‌د، ته‌مه‌نی 27 ساڵه‌ و پرۆگرامسازه‌

ناوی پرۆژه‌كه‌ی (هایلۆد سیستم)

دیار ئه‌حمه‌د له‌باره‌ی پرۆژه‌كه‌یه‌وه‌ وتی، “پرۆژه‌كه‌ی ئێمه‌ دروستكردنی سیستمێكی ژمێریاریی كوردییه‌، هاوسه‌ره‌كه‌م ژمێریاره‌ و خۆم پرۆگرامساز بۆیه‌ به‌ باشمان زانی ئه‌م پرۆژه‌یه‌مان هه‌بێت، به‌وه‌ش جیاده‌كرێینه‌وه‌ له‌وانی دیكه‌ كه‌ ئه‌م سیستمه‌ی ئێمه‌ به‌ ته‌واوی زمانی كوردییه‌، هه‌روه‌ها ئێمه‌ نایفرۆشین به‌ڵكو به‌ كرێی ده‌ده‌ین، ئامانجیشمانه‌ له‌ هه‌رێم و عێراق و ته‌نانه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ داهاتوودا ئه‌م پرۆگرامه‌مان كاری پێبكرێت”.

شاكار عومه‌ر، ته‌مه‌نی 26 ساڵه‌ و زانستی كۆمپیوته‌ری ته‌واو كردووه‌

خاوه‌نی پرۆژه‌ی (خانوو)ه‌

له‌باره‌ی پرۆژه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، “ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی من ئه‌پێكه‌ بۆ كڕین و فرۆشتنی خانوبه‌ره‌، جیاوازی پرۆژه‌كه‌ش له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كانی خانووبه‌ره‌ كار ده‌كات و نوسیگه‌كانی كڕین و فرۆشتن به‌شێكی سه‌ره‌كین تیایدا، ئامانجمه‌ له‌ داهاتوودا له‌ هه‌موو عێراقدا كار بكات”.

نامۆ ڕه‌سول، ته‌مه‌نی 25 ساڵه‌ و به‌شی زمانی عه‌ره‌بی و زانسته‌ ئیسلامییه‌كانی ته‌واوكردووه‌

ناوی پرۆژه‌ (نامۆ سۆكس)

نامۆ له‌باره‌ی پرۆژه‌كه‌یه‌وه‌ وتی، “گۆره‌وی به‌ كوالیتییه‌كی زۆر به‌رز ئاماده‌ ده‌كه‌م به‌ خواستی كڕیاره‌كانم، قوماشی زۆر باش به‌كارده‌هێنم و به‌ هه‌ر ڕه‌نگ و دیزاینێك گۆره‌وی داوا بكرێت دروستی ده‌كه‌م، ئامانجی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ له‌ داهاتوودا ته‌نانه‌ت كارگه‌ی دروستكردنی قوماشه‌كه‌ش بهێنمه‌ هه‌رێمی كوردستان و په‌ره‌ به‌ بزنسه‌كه‌م بده‌م”.

ڕێژنه‌ ته‌حسین، ته‌مه‌نی 23 ساڵه‌ و به‌شی كۆمپیوته‌ری ته‌واو كردووه‌

ناوی پرۆژه‌ (دێهات)

ڕێژنه‌ له‌باره‌ی پرۆژه‌كه‌یه‌وه‌ وتی، “كاری من كۆكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كانی گونده‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌ و فرۆشتنێتی له‌ڕێی ئۆنلاینه‌وه‌، من ده‌مه‌وێت به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ به‌رهه‌مه‌ سروشتییه‌كان بێ فێڵ بگاته‌ ده‌ستی كڕیاره‌كان، له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چالاكم و ڕێكلام ده‌كه‌م بۆ به‌رهه‌مه‌كانم، ده‌مه‌وێت له‌داهاتوودا به‌ ئاسانی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان بگه‌یه‌نم به‌ هه‌موو هه‌رێم و هه‌وڵی هه‌نارده‌كردنیشی بده‌م”.

به‌هار عه‌بدولڕه‌حمان، ته‌مه‌ن 26 ساڵ و خاوه‌نی ماسته‌ره‌ له‌ كارگێڕی كار

ڕه‌وشت وه‌هاب، ته‌مه‌ن 29 ساڵ و ئه‌ندازیاری نه‌وت

پرۆژه‌ی (هه‌وری)

سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌كه‌یان وتیان، “پرۆژه‌كه‌ی ئێمه‌ مۆزه‌خانه‌یه‌كی گه‌ڕۆك و جوڵاوه‌، بۆ ناساندنی شارستانییه‌تی هه‌رێم و عێراق، ئێمه‌ به‌رهه‌می خۆمان دروست ده‌كه‌ین به‌ شێوه‌ و وێنه‌ی كلتوری”.

ساز لوقمان، 23 ساڵه‌ و به‌شی وه‌رگێڕانی زانكۆی سلێمانی ته‌واوكردووه‌

ناوی پرۆژه‌ (پلانه‌ری كوردی)

ساز له‌باره‌ی پرۆژه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، “ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی من بریتییه‌ له‌ پلانه‌رێك به‌ زمانی كوردی، پلانه‌ره‌كه‌ له‌ پێنج به‌ش پێك دێت، بیرۆكه‌كه‌م له‌وه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا بۆم ده‌ركه‌وت پلانه‌رمان به‌ زمانی كوردی نییه‌، له‌ داهاتووشادا ده‌مه‌وێت په‌ره‌ی پێبده‌م و ئه‌پلیكه‌یشن و نۆت بوكیش دروست بكه‌م”.

زه‌ریا ساڵح، ته‌مه‌ن 26 ساڵ و ئه‌ندازیاری میكانیكه‌

ناوی پرۆژه‌ (مای ئۆكه‌یژن)

زه‌ریا ساڵح ده‌ڵێت، “مای ئۆكه‌یژن، پلاتفۆرمێكی ته‌كنه‌لۆژییه‌، له‌سه‌ر سمارتفۆن و ئایپاده‌كانیش كار ده‌كات، پێداویستییه‌كانی هه‌موو بۆنه‌یه‌كی تێدایه‌ بۆ نمونه‌ گه‌ر پێویستت به‌ چه‌پكه‌گوڵێك هه‌بێت له‌و پلاتفۆرمه‌وه‌ چه‌ندین جۆری تێدایه‌ و داوای ده‌كه‌یت و ده‌گاته‌ ده‌ستت، له‌ هه‌موو عێراق و هه‌رێم تاكه‌ پلاتفۆڕمی له‌و جۆره‌یه‌، ئێستا له‌ سلێمانی كار ده‌كه‌ین و ئامانجمه‌ بیگه‌یه‌نم به‌ هه‌موو عێراق”.

ڕێبین عه‌بدوڵا، ته‌مه‌ن 24 ساڵ و خوێندكاری زانكۆ

ناوی پرۆژه‌ (هه‌دیاری)

ڕێبین له‌باره‌ی پرۆژه‌كه‌یه‌وه‌ وتی، “ئه‌پلیكه‌یشنێكی مۆبایله‌ و تایبه‌ته‌ به‌ دیاری، ئه‌وه‌ی وه‌ك دیاری ببه‌خشرێت له‌و ئه‌پلیكه‌یشنه‌دا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی ده‌ستڕه‌نگینن هه‌وڵده‌ده‌ین له‌و ئه‌پلیكه‌یشنه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان به‌خۆڕایی نمایش بكه‌ین، له‌ داهاتووشدا ده‌مانه‌وێت خاوه‌ن بزنسه‌ بچوكه‌كانیش بهێنینه‌ ناوه‌وه‌”.

ڕزگار مه‌حمود، ته‌مه‌ن 30 ساڵ

ناوی پرۆژه‌ (ڕێبه‌ری ئاده‌م)

سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌كه‌ی، ڕزگار ده‌ڵێت، “ڕێبه‌ری ئاده‌م بریتییه‌ له‌ ئه‌پلیكه‌یشنێك بۆ ڕێبه‌ریكردنی گه‌شتیاری و بزنس، هه‌موو هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌، له‌ داهاتوودا ده‌مه‌وێت زمانه‌ جیهانییه‌كان زیاد بكه‌م و سه‌كۆیه‌كیش بم بۆ پیشاندانی به‌رهه‌می ناوخۆیی”.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 19ی تشرینی دووه‌م، ڕۆژی یه‌كه‌می هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی كاره‌كانی به‌ڕێكرد،  بڕیاریشه‌ سێ ڕۆژ بخایه‌نێت، چه‌ندین كه‌سایه‌تی و كۆنسوڵخانه‌كانی وڵاتان سه‌ردانی چالاكییه‌كانی هه‌فته‌كه‌ ده‌كه‌ن و بڕیاریشه‌ له‌ ڕۆژی دووه‌می هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانییدا قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌شداری له‌ پانێڵێكدا بكات.