هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت

هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ پایته‌ختی ڕۆشنبیری ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد كه‌ له‌لایه‌ن ڤیم فاونده‌یشنه‌وه‌ بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی میسۆپۆتامیا ڕێکدەخرێت، كۆمه‌ڵێك چالاكی له‌خۆ ده‌گرێت و سێ ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت، بڕیاریشه‌ ساڵانه‌ ئه‌م چالاكییه‌ له‌ سلێمانی به‌رده‌وام بێت.

ئه‌حمه‌د نه‌جم، جێگری سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی ڤیم رایگه‌یاند “ئامانجمانه‌ له‌ڕێی ئه‌م جۆره‌ چالاكییانه‌وه‌ كارسازی به‌ كلتور بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر گه‌نجانمان هاوڵاتییانمان چاویان له‌ ده‌ستی حكومه‌ت و كه‌رتی گشتی نه‌بێت، چونكه‌ ده‌بینین ئه‌وه‌ كه‌رتی گشتیش موچه‌ی پێنادرێت، بۆیه‌ ده‌بێت تاكێكی كارساز به‌رهه‌م بهێنین”.

بڕیاره‌ ڤیم فاو‌نده‌یشن ساڵانه‌ به‌رده‌وامبێت له‌ ڕێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی، ئه‌حمه‌د نه‌جم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “له‌مساڵدا دوو چالاكی دیكه‌ی هاوشێوه‌مان ده‌بێت و هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانیش ساڵانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین”.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 19ی تشرینی دووه‌م له‌یه‌كه‌م رۆژی هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی شه‌ش پانێڵ به‌رێوه‌چوو، دكتۆر سه‌لام عه‌بدوڵا به‌رێوبه‌ری ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی به‌شداری له‌ پانێڵی به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م ژنانی كارساز له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد. 

دكتۆر سه‌لام عه‌بدوڵا به‌رێوبه‌ری ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی له‌ پانێڵه‌كه‌دا رایگه‌یاند ”له‌هه‌رێمی كوردستان ژنان هاوشانی پیاوان له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیاندا رۆڵی كارگه‌ریان هه‌یه‌ و له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ له‌لادێكان ئافره‌تان شانبه‌شانی پیاوان كاریان كردوه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان خوای گه‌وره‌ هه‌موو شتێكی پێ به‌خشیوین به‌ڵام ئێمه‌ خۆمان رێك ناخه‌ین، كاتێك كه‌سێك ده‌یه‌وێت ده‌ست به‌ پرۆژه‌یه‌كی بازرگانی بكات پێوسته‌ سه‌ره‌تا بزانێك كام ڕێكخراو ده‌توانێت هاوكاری بكات، ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی له‌ ساڵی ١٩٦٧ته‌وه‌ دامه‌زراوه‌ تاكو پشتگیری له‌ كه‌رتی تایبه‌ت بكات و رۆڵی راوژكاری ده‌بێنێت له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم و به‌غدا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك جار ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ست به‌ پرۆژه‌ی بازرگانی ده‌كه‌ن ڕۆڵی ژووری بازرگانی له‌به‌رچاو ناگرن. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كاتێك په‌رله‌مان یاساییه‌كی په‌یوه‌ندیدار به‌ بواری بازرگانی ده‌رده‌كات په‌رله‌مانتاران ئه‌رك ناكێشن و بێن بۆ ژووری بازرگانی تاكو گوێ له‌ ئه‌زمونی نوێنه‌رانی كه‌رتی تایبه‌ت بگرن، زۆرێك له‌ یاساكان كۆن و پێوستیان به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی یاسای ده‌لالی كه‌ رێگه‌ نادات هیچ كه‌سێكی خوار ٢٥ ساڵ كاری نوسینگه‌ بكات ئه‌مه‌ش گرفتی بۆ هاوڵاتیان دروستكرده‌وه‌، یاسایی ناوی بازرگانیش كۆن و پێوستی به‌ هه‌موار كردنه‌وه‌ هه‌یه‌، رۆژانه‌ چه‌ندین گرفتمان به‌م هۆیه‌وه‌ رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه‌ بۆ نمونه‌ هه‌ندێك هاوڵاتی هه‌ن، تابلۆ شوێنه‌ بازرگانییه‌كه‌ی ده‌نوسێت و ماركێتین و ریكلامی بۆ ده‌كات دوای دوو ساڵ بیری ده‌كه‌وێته‌وه‌ بێت سه‌ردانی ژووری بازرگانی بكات، ئینجا ده‌زانێت ئه‌و ناوه‌ی به‌كاری هێناوه‌ ماڤی هاوڵاتییه‌كی تره‌.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، ئێمه‌ له‌ ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی به‌و په‌ڕی تواناوه‌ هه‌وڵمانداوه‌ كاره‌كان بۆ بازرگانان و خاوه‌نكاران ئاسان بكه‌ین، له‌ كاسبكارێكی سه‌ر شه‌قامه‌كانه‌وه‌ تا ئه‌و بازرگانه‌ی كه‌ شتومه‌ك هاورده‌ ده‌كات ئێمه‌ له‌ خزمه‌تیانداین و هه‌میشه‌ ده‌رگامان بۆیان كراوه‌یه‌.

له‌ هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی، پرۆژه‌ وه‌رگیراوه‌كانی 11 گه‌نج نمایش ده‌كرێن، جێگری سه‌رۆكی ڤیم له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی، “له‌و پرۆژه‌یه‌ی ڕامانگه‌یاند بۆ ده‌ستگیرۆیی گه‌نجانی خاوه‌ن پرۆژه‌، 11 گه‌نج براوه‌ی قۆناغی یه‌كه‌م بوون و ئێمه‌ له‌ چه‌ند ڕوویه‌كه‌ هاوكاریان ده‌بین له‌وانه‌ هاوكاریی مه‌عنه‌وی كه‌ ڕاهێنان و خولیان بۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوكاریی دارایی كه‌ خۆی له‌ 6 بۆ 12 هه‌زار دۆلار پاڵپشتیی دارایی ده‌بینێته‌وه، ئامانجیشمانه‌ له‌و پرۆژه‌دا له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا هاوكاریی هه‌زار و 100 گه‌نجی خاوه‌ن پرۆژه‌ بكه‌ین‌”.
 
هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ سلێمانی كاره‌كانی ده‌ستپێكردووه‌ و سێ ڕۆژ ده‌خایه‌نێت، چه‌ندین كه‌سایه‌تی و كۆنسوڵخانه‌كانی وڵاتان سه‌ردانی چالاكییه‌كانی هه‌فته‌كه‌ ده‌كه‌ن و بڕیاریشه‌ له‌ ڕۆژی دووه‌می هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانییدا قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌شداری له‌ پانێڵێكدا بكات.
 
له‌ به‌شێكی چالاكییه‌كاندا لاڤه‌ حیكمه‌ت، سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی ڤیم له‌ وتارێكدا وتی، “هه‌فته‌ی كارسازیی جیهانی له‌ چوار سێكته‌ردا كارده‌كات ئه‌وانه‌ش ژینگه‌ و جێنده‌ر و ڕه‌خساندنی هه‌لی كار و پاراستنی ئاژه‌ڵان، بۆیه‌ ئێمه‌ش پێمان باش بوو ئه‌و چالاكییه‌ بهێنینه‌ سلێمانی به‌ ئامانجی پشتگیریكردنی كارسازانی ناوخۆیی و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نین بۆ گۆڕانی بنچینه‌یی له‌ دۆخی ژیانی گه‌نجانی بێكار و ژینگه‌ی وڵات و بابه‌ته‌ جێنده‌رییه‌كان و پاراستنی ئاژه‌ڵان”.