بڕیارێک زیانی ملیۆنان دۆلاری بە بازرگانانی زێر لە هەرێم گەیاندووە


بڕیارێكی حكومەتی عێراق بۆ قەدەغەکردنی ھەناردەکردنی زێڕ لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە کاریگەری لەسەر بازرگانان دروستکردووە و وتەبێژی سەندیکای زەرەنگەران دەڵێت، زەرەر و زیانەکان بە دەیان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێن.

سەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕێگەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانیی عێراقەوە بڕیاری قەدەغەکردنی ھەناردەکردنی زێڕی گەیاند بە ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و سلێمانی، ئەمەش کاریگەری لەسەر بازرگانان دروستکرد.

هەندرێن وەرتی، وتەبێژی سەندیکای زەرەنگەرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەم لەبارەی دوا ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی زێڕ لە ڕێگای فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان وتی، “ئێستا خەریکی کردنەوەی ئەو ژوورەن کە بەڕێوەبەرایەتی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی خشڵ بڕیارە بیکاتەوە، پێشتر ئەو ژوورە لەناو بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆریی بوو، بەڵام ئێستا وایان پێ باش بووە کە ئەم ژوورە لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بکرێتەوە، بەڵام تائێستا گرێبەستەکە نەگەیشتووەتە فڕۆکەخانە”.

وتیشی: “بەغداد لە ڕێگای ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر باسی ئەوەی کردووە کە دەبێت هەولێر ژووری پشکنینی هەبێت، ئێمە ئەوەش جێبەجێ دەکەین بۆ ئەوەی بەغداد بێتە سەر هێڵ و فڕۆکەخانەکان بەڕووی هەناردە و هاوردەکردنی زێڕدا بکاتەوە”.

وتەبێژی سەندیکای زەرەنگەران ئەوەشی خستەڕوو، “ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر لەسەر داوای ئێمە، داوای لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم کردووە کە بە جددی لەسەر هێڵ بن لەگەڵ حکومەتی عێراق، هەروەها پەرلەمانتارانی کورد لە بەغداد پێشنیازی ئەوەیان کردووە کە ناکرێت فڕۆکەخانەی بەغداد و نەجەف کە دوو فڕۆکەخانەی لەیەکتر نزیکن تەنها ئەو دوو شوێنە هاوردە و هەناردەکردنی زێڕی لێ بکرێت و ئەوانی دیکەیش دابخرێن”.

هەندرێن وەرتی گوتیشی: “حکوومەتی عێراق ساڵی ٢٠١٧ داوای ئەوەی کردبوو کە کاتێک زێڕ لە دوبەی دێتە هەرێمی کوردستان ئەوا هەر لەوێ پشکنینی بۆ بکرێت کە ئەمە رێکارێکی قورس دەبوو، بەڵام بوونی ژووری پشکنینی زێڕ لێرە کارێکی قورس نییە و باشە”.
بەهۆی ئەوەی هاوردەی زێر قەدەغەکراوە، بەشێک لە بازرگاکان کارەکانیان راگرتووە و ئەمەش وایکردووە کە مامەڵەکانیان بوەستێنن و کاریگەری نەرێنیی لەسەر داهاتەکانییان دروست بێت و لەبارەی زەرەر و زیانەکانیش بەهۆی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە، وتەبێژی سەندیکای زەرەنگەران وتی، “لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە، هەرێمی کوردستان بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار زەرەری کردووە، هەم بازرگانان و هەم هیچ داهاتێک نەهاتەوە خەزێنەی حکومەت، لەبەرئەوەی کۆمپانیاکانی هەناردە و هاوردەکردن پێشتر داهاتیان باش بوو، بەشێوازێکی یاسایی کارەکانیان رایی دەکرد، بەڵام ئەوە نەما”.

هەندرێن وەرتی دەشڵێت “نزیکەی 37 کۆمپانیای کارا لە هەولێر کارەکانیان وەستاوە. لە سلێمانی و دهۆک-یش بە هەمان شێوە ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکان کارەکانیان ڕاگرتووە، دەتوانین ئەو زەرەر و زیانەی بە دەیان ملیۆن دۆلار بخەمڵێنین، لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی هەزار و 900 زێڕینگەر لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، دەتوانم بڵێم بابەتی گرانبوونی زێڕ و خراپی دۆخی دارایی خەڵک، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی بازاڕی زێڕ سست بێت”.

ماوەیەکە نرخی زێر لە بەرزبوونەوەدایە و هەندرێن وەرتی وتی، “هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، سەرەتا بابەتی کۆرۆنا، دواتریش ئەو ئاڵۆزییەی لە دەرەنجامی ململانێی نێوان جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ هاتە ئاراوە، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا یەک ئۆنسی زێڕ بە هەزار و 988 دۆلارە و پێشبینی دەکەم نرخەکە دابەزێت بەهۆی دەستبەکاربوونی جۆ بایدن وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەک و لەلایەکی دیکەش بابەتی بەکارهێنانی ڤاکسینی دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی زێر لە جیهاندا”.