سێ پڕۆژەی ستراتیژیی کشتوکاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبەجێ دەکرێن

بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژە لە کەرتی کشتوکاڵ جێبەجێ بکرێن و بەرپرسێکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنانیش دەڵێت، سێ لەو پڕۆژانە ستراتیژین و لە قۆناغی سەرەتاییدان بۆ دەستپێکردنیان، چەندین کۆمپانیا و وەبەرھێنەری بیانیش بۆ کارکردن لە کەرتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان ئامادەن.

موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی دەستەی وەبەرھێنان، رايگەیاند، لەنێو پڕۆژەکانی وەبەرھێناندا، کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لەو کەرتانەی زیاتر گرینگیی پێ دراوە و چەندین پڕۆژەی کشتوکاڵ لەلایەن دەستەی گشتیی وەبەرھێنانەوە ڕاگەیاندراون.

موخلس سه‌لیم وتیشی، سێ پڕۆژەی ستراتیژیی کشتوکاڵ لە ھەرسێ پارێزگای ھەولێر و دھۆک و سلێمانی دەکەونە بواری جێبەجێکردن و لەو پڕۆژانەن کە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان بۆ کەرتی کشتوکاڵ ستراتیژی و پێویستن.

ئه‌وه‌شی خسته‌روو، چەندین کۆمپانیا و وەبەرھێنەری بیانیش بۆ کارکردن لە کەرتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان ئامادەن، بڕیارە ئەو سێ پڕۆژە ستراتیژییە بکەونە واری جێبەجێکردن و بۆ جێبەجێکردنیان لە قۆناغی سەرەتاییدان، دوای تەواوبوونیان سوودی زۆریان بۆ کەرتی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان دەبێت.