کازمی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کار بە یاسای قەرز نەکات و بڕە پارەی هەرێم بنێرێت

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەم ئاشکرایکرد کە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دەسەڵاتیدایە بۆ ئەم مانگە کار بە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی نەکات و بڕە پارەی هەرێم ڕەوانە بکات.

ڕۆژی 16ی تشرینی دووەم، بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نوسراوێکی ئاڕاستەی مستەفا کازمی کرد و داوای لێکرد کە بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە لەبارەی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، 320 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.

لەبارەی پاڵپشتییەکانی ئەو داواکارییەوە، شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “داواکارییەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان پاڵپشتیی یاسایی نییە، بەڵام پاڵپشتیی سیاسیی هەیە، چونکە هەرێم و بەغداد ڕێککەوتنێک لە نێوانیاندا هەیە بۆ رەوانەکردنی مانگانە 320 ملیار دینار تاوەکو پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2021 ،بەپێی ئەو ڕێککەوتنەش بەغداد دەبێت ئەم مانگەش پارەکە بنێرێت”.

سەبارەت بەوەی ئایا مستەفا کازمی دەتوانێت یاسای قەرز پێشێل بکات و 320 ملیارەکەی هەرێم بنێرێت؟ شیروان میرزا دەڵیت، “لەبەرئەوەی پێش یاساکە ڕێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمدا هەیە بۆ ناردنی بڕێک پارە،ماوەی ڕێککەوتنەکەش ئەم مانگەی ماوە بۆیە لەدەسەڵاتەکانی مستەفا کازمیدا هەیە کە کار بەیاساکە نەکات بۆ ئەم مانگە و کاربە ڕێککەوتنەکە بکات و پارەی هەرێم بنێرێت”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسیلەوەشکرد، حکومەتی هەرێم لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و هەروەها بەمەبەستی دانوستان و ڕێککەوتنی نوێ حکومەتی هەرێم لە ئامادەکاریدایە بۆ ناردنی شاندێک بۆ بەغداد.

بەرەبەیانی پێنجشەممەی رابردوو، پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای کورتهێنانی دارایی پەسەندکرد، بەپێی یاساکە حکومەتی عێراق دەتوانێت تاوەکو 12 ترلیۆن دینار قەرز بکات بەمەبەستی دابەشکردنی موچە، بەپێی ئەو یاسایە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی بکات بۆ رادەستکردنی نەوتی هەرێم و لەبەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ شایستەکانی هەرێم دەنێرێت.