ڕوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت “ھاوردەکردنی ئاژەڵ و مەڕو ماڵات لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان زیانێکی زۆری بە کەرتی ئاژەڵ داری و بەرھەمی ناوخۆ گەیاندوە، لەبەر ئەوەی بەرھەمی ناوخۆ گرانترە لەو بەرھەمانەی ھاوردە دەکرێت، ئەمەش دەبێتەھۆی جوتیارانی ناوخۆ بەردەوام توشی زەرەر و زیان ببن و ناچار واز لە ئاژەڵداری بھێنن”.
وەسفی خەلیل، ڕوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند “ھەموان دەزانین ئەم ڕێگە پێدان و بەقاچاخ ھێنانی ئاژەڵە بۆ ھەمیشە نیە بەڵکو بەھۆی دازینی بەھای تمەنی ئێرانی و لیرەی سوریەوەیە، ئەگەر ڕۆژێک بەھای ئەو دراوانە بەرزبێتەوە ناھێڵن ئاژەڵ بێتە کوردستان، لە ئێستاشدا بەھۆی ئەو بەڵێشاو ھاوردەکردنی ئاژاڵەوە کەرتی ئاژەڵداری لە کوردستان مەترسی نەمان و لەناوچونی لەسەرە و جوتیاری کوردستان چیتر ڕوو لە بەخێوکردنی مەڕوماڵات و ئاژەڵی گەورە ناکات، پێوستە حکومەتی ھەرێم ئاگاداری ئەم مەترسییە بێت و ھەنگاوی پێوست بگرێتەبەر ئەگەرنا کەرتی ئاژەڵداری لە ھەرێمی کوردستان بە تەواوەتی دەروخێت”.
ئاماژەی بەوەشدا بەپێ ئەو ئامارانەی لەبەر دەست بەشی کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانییە تاڕادەیەک جێگەی دڵخۆشییە بەرھەمی ناوخۆ لە سنوری پارێزگای سلێمانی نزیکەی دوو ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار سەر مەڕە، ڕەشەوڵاخ ١٨٠ ھەزار سەرە.
وتیشی “بۆ ھەموو کوردستان پێوستمان بە 84 هەزار تۆن گوشتی سورە لە ساڵیکدا، لەئێستادا دەتوانین لەسەدا ٥٥ ئەو بڕە لەناوخۆدا پڕبکەینەوە لەسەدا ٤٥ ھاوردە بکەین، ھەر تاکێک لە ساڵێکدا پێوستی بە نزیکەی ١٥ کیلۆ گرام گۆشتی سورە.
ڕوێژکاری کشتوکاڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی جەختی لەوەش کردوە ئەگەر ھاوکاری جوتیاران بکرێت و ڕێگری لە بە قاچاخ ھێنانی ئاژەڵ بکرێت کە بەشێوەیەکی نایاسایی دێت دەتوانین کەرتی ئاژەڵداری لە کوردستان پێشبخەین و ھەلی کار بو ھاوڵاتیان پرەخسێنین”.
ئاماژەی بەوەشدا یەکیک لە زیانە مەترسیدارەکانی ھێنانی ئاژەڵ بە قاچاخ و بێ پشکینین گواستنەوەی نەخۆشی وڵاتانە بۆ کوردستانە.