ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: بەڵێن دەدەین لەئاست متمانەی خەڵكدا بین

لە یادی236 ساڵەی دانانی بەردی بناغەی سلێمانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڵێن دەدەن هەموو كات بۆ ئاشتی و ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی سلێمانی و دانیشتوانەكەی تێكۆشانی یاسایی و ئیداریی بكەن و لەئاست متمانەی خەڵكدا بن.

ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا خستیەڕوو: لەم یادە مەزنەدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پیرۆزبایی گەرم و پڕ لە خۆشەویستی لە خەڵكی سلێمانی و هەموو كوردستان دەكات .

وتیشی: بەڵێن دووپاتدەكەینەوە كە هەموكات بۆ ئاشتی و ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی سلێمانی و دانیشتوانەكەی تێكۆشانی یاسایی و ئیداریی بكەین و لەئاست متمانەی خەڵكدا بین.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە
یادی 236 ساڵەی سلێمانی پیرۆز بێت
236 ساڵ لەمەوبەر بەردی بناغەی سلێمانی، پایتەختی میرنشینی بابان ، شاری شاران ، شاری هەڵمەت و قوربانی و پایتەختی ئەدەب و رۆشنبیری دانرا.
بەبۆنەی ئەم یادە مەزنەوە و بەناوی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە، پیرۆزبایی گەرم و پڕ لە خۆشەویستی لە خەڵكی سلێمانی و هەموو كوردستان دەكەین.
سەربەرزین ئێمە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و خزمەتكاری خەڵك و خاكی ئەم شارە و سنوری پارێزگای سلێمانین.
لەم یادەدا بەڵێن بۆ شاری شاعیران و رۆشنبیران و شاری ئازایەتی و بەرخودان و شۆڕش و راپەڕین دووپادەكەینەوە كە هەموكات بۆ ئاشتی و ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی سلێمانی و دانیشتوانەكەی تێكۆشانی یاسایی و ئیداریی بكەین و لەئاست متمانەی خەڵكدا بین.
ئازاد محەمەد ئەمین
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
2020/11/14