سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، به‌ڵێن ده‌ده‌ین كه ڕێگە نه‌دەین سلێمانی بکرێتە قوربانیی ململانێ و پێخوستی نائارامییه سیاسییەکان، نه‌هێڵین بكه‌وێته پاشكۆی ڕووداوه‌كان و رێنه‌ده‌ین لەمە زیاتر و به مه‌به‌ست فەرامۆش و پشتگوێ بخرێت.
سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەساڵیادی دامەزراندنی سلێمانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، سلێمانی داینەمۆ بووه بۆ چاكسازی و گۆڕانكاری و نوێكردنه‌وه له‌هه‌موو كایه‌كانی ژیاندا و له‌به‌رده‌م هه‌ر ته‌وژمێكی ناڕه‌سه‌ندا، خۆڕاگر، و بۆ هه‌ر نوێكردنه‌وه‌یه‌ك، ده‌ستپێشخه‌ر و پشتیوان بووه. سلێمانی مه‌ڵبه‌ندێكی سه‌ره‌كیی كوردپه‌روه‌ری و په‌ناگه‌ی ده‌نگی ئازاده و هه‌رگیز ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌ویی قبوڵ نه‌كردووه.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، بۆ یەکێتی، سلێمانی شاری ھەڵمەت و قوربانی، دایک و ھەستانەوە و ھەڵگیرساندنی شۆڕش و بەردەوامیی خەباتمانە. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌رك و بەرپرسیارێتیمان زیاتر بێ به‌رامبه‌ری و لەئاست گەورەیی و مەزنیی سلێمانی خزمەتکاری راستەقینە بین. ھەموو هه‌وڵێكمان بۆ پاراستنی شكۆ و پێشه‌نگیی و زیندووھێشتنەوەی بێ. لەھەموو ڕووەکانەوە، ئاوەدانیی و گەشەپێدانی سلێمانی به ئه‌ركی خۆمان بزانین و لە ئاست گەورەیی و شکۆمەندی خەڵکی سلێمانی و ته‌واوی كوردستان بەڵێن بدەین كه یەکێتیی نوێ، یەکێتیی خزمەت و یەکێتیی حکومدارییەکی باشتر و ئاوەدانتر و شایسته‌تر بێت.
ئەوەش باسکراوە، ئه‌مڕۆ و له‌م ڕۆژه مێژووییه‌دا، ئێمه له سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڵێن ئه‌ده‌ین كه ڕێگە نه‌دەین سلێمانی بکرێتە قوربانیی ململانێ و پێخوستی نائارامییه سیاسییەکان، نه‌هێڵین بكه‌وێته پاشكۆی ڕووداوه‌كان و رێنه‌ده‌ین لەمە زیاتر و به مه‌به‌ست فەرامۆش و پشتگوێ بخرێت.
دەقی پەیامەکە:
وا ئه‌مڕۆ سلێمانی ٢٣٦ ساڵە، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا هەمیشە پێشەنگ بووە. لە ڕووداوە كۆمه‌ڵایه‌تی، مێژوویی، سیاسی، رووناکبیری و ئەدەبییه‌كاندا ڕه‌چه‌شكێن بووه. داینەمۆ بووه بۆ چاكسازی و گۆڕانكاری و نوێكردنه‌وه له‌هه‌موو كایه‌كانی ژیاندا و له‌به‌رده‌م هه‌ر ته‌وژمێكی ناڕه‌سه‌ندا، خۆڕاگر، و بۆ هه‌ر نوێكردنه‌وه‌یه‌ك، ده‌ستپێشخه‌ر و پشتیوان بووه. سلێمانی مه‌ڵبه‌ندێكی سه‌ره‌كیی كوردپه‌روه‌ری و په‌ناگه‌ی ده‌نگی ئازاده و هه‌رگیز ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌ویی قبوڵ نه‌كردووه.
سلێمانی خانەخوێیه‌كی میهره‌بانه بۆ ھەموو پارت و پێکھاتە و ئاینزاکان. شاری پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن و ئازادیی ڕاده‌ربڕینه. شاری خۆڕاگری و به‌ره‌نگاری بووه له بەردەم پەتی سێدارە. داهێنه‌ر بووه له سه‌رپێخستنی خه‌بات و جووڵانه‌وه‌ی سیاسی وە وره و وزه‌به‌خشی شۆڕش و به‌رده‌وامییه. سلێمانی ئازا و ئازاده. زیندوێتی و یاخیبوون وەک دوو تایبەتمەندیی ئه‌م شاره، زادەی ھەڵکەوتنی دەیان ڕووناکبیر و تێکۆشەر و کەسایەتی به‌رجه‌سته و سەرکردەن لەبوارە جیاکانی ژیاندا، کە جێدەستیان لە بەرەوپێشبردن و زیندووێتی ئەم شارە و دیرۆكی کوردستاندا دیاره و بۆ ڕۆژگاری خۆیان و ئێستاش بوونەتە ڕێنیشاندەر و ئاڵاھەڵگری ئاینده‌یه‌كی ڕوون.
ئەمڕۆ ئێمە لە سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە دید و ڕوئیایەکی ڕاسته‌قینه و نوێوە له سلێمانی ده‌ڕوانین. وه‌ك چۆن دامێنی كوێستانه‌كانی كوردستان مه‌ڵبه‌ندی خۆڕسكی ژیان و گه‌شه‌ی دره‌خته ڕە‌سه‌ن و یاخییه‌كانه، سلێمانییش بۆ یه‌كێتی خاكی به‌پیتی ژیان و گه‌شه و نوێبوونه‌وه‌یه‌تی. ڕه‌گی قووڵی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له گۆڕستانی شه‌هیدانی ئه‌مشاره و بست به بستی كوردستاندا چۆته خوارێ و ڕە‌شه‌بای هه‌ر شۆڕشێكی نیشتمانی و كوردستانی، رابه‌رایه‌تی ده‌كا.
بۆ یەکێتی، سلێمانی شاری ھەڵمەت و قوربانی، دایک و ھەستانەوە و ھەڵگیرساندنی شۆڕش و بەردەوامیی خەباتمانە. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌رك و بەرپرسیارێتیمان زیاتر بێ به‌رامبه‌ری و لەئاست گەورەیی و مەزنیی سلێمانی خزمەتکاری راستەقینە بین. ھەموو هه‌وڵێكمان بۆ پاراستنی شكۆ و پێشه‌نگیی و زیندووھێشتنەوەی بێ. لەھەموو ڕووەکانەوە، ئاوەدانیی و گەشەپێدانی سلێمانی به ئه‌ركی خۆمان بزانین و لە ئاست گەورەیی و شکۆمەندی خەڵکی سلێمانی و ته‌واوی كوردستان بەڵێن بدەین كه یەکێتیی نوێ، یەکێتیی خزمەت و یەکێتیی حکومدارییەکی باشتر و ئاوەدانتر و شایسته‌تر بێت.
ئه‌مڕۆ و له‌م ڕۆژه مێژووییه‌دا، ئێمه له سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڵێن ئه‌ده‌ین كه ڕێگە نه‌دەین سلێمانی بکرێتە قوربانیی ململانێ و پێخوستی نائارامییه سیاسییەکان، نه‌هێڵین بكه‌وێته پاشكۆی ڕووداوه‌كان و رێنه‌ده‌ین لەمە زیاتر و به مه‌به‌ست فەرامۆش و پشتگوێ بخرێت.
پیرۆز بێت یادی بنیادنانی شارە حەیاتەکە
دڵنیا بن یەکێتی لەئاست مەزنی سلێمانی، بەرپرسیار و بەئەمەکه
سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١٤-١١-٢٠٢٠