دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، بڕیاری قەدەغەكردنی وەبەرهێنانی هاووڵاتییانی ئەمریكای لەو كۆمپانیا چینیانە ئیمزاكرد، كە هاوكاری سوپای چین دەكەن.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێكیدا دوپاتیكردۆتەوە، كە رۆژبەڕۆژ زیاتر سەرمایەی ئەمریكا بۆ كردنە سەرچاوەی فراوانكردنی دەزگای هەواڵگری و سوپای چین، قۆرخ دەكرێت و ئەمەشی وەك هەڕەشەیەكی راستەوخۆ بۆ سەر ئەمریكا ناوبرد.
رونیشیكردەوە كە پەكین، لەڕێی فشار خستنە سەر كۆمپانیا مەدەنییەكان بۆ هاوكارییكردنی سوپا و دەزگای هەواڵگری، توانیویەتی كەرتی سەربازیی گەشەپێبدات، ئەم كۆمپانیایانەش بە وەرگرتنی سەرمایە لە وەبەرهێنەرە ئەمریكییەكان داهاتی خۆیان زیادكردووە.
بەپێی بڕیارەكە، چیتر كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە ئەمریكییەكان ناتوانن بەشێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەگەڵ ئەو كۆمپانیا چینیانە كار بكەن كە یارمەتی سوپای چین دەدەنو بڕیارەكە لە ١١ی كانوونی دووەمی ٢٠٢١دا دەخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە و كاریگەرییەكی زۆر لەسەر كۆمپانیاكانی تایبەت بە كەرتی پەیوەندیی، ئاسمانیی، بیناسازیی و تەكنەلۆژیی دروست بكات.
هاوكات راگەیاندنەكانی ئەمریكاش باس لەوە دەكەن وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە لیستێكی تایبەتی بەو كۆمپانیا چینییانەی ئامادە كردووە كە ٣١ كۆمپانیا لە خۆ دەگرێت.