دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و راگەیاندنی سەرکەوتنی کاندیدی دیموکراتەکان، جۆ بایدن جموجۆڵ لە بازاڕی دراو (بۆرسە)دا دروست بوو، دراوفرۆشێک ئاماژە بەوە دەکات کە بەبێ ھیچ ھەواڵێک خەڵک دەستیکرد بە کڕینی تمەنی ئێرانی و ئەمەش وایکرد بەھای تمەن بەرزبێتەوە، ھاوکات جەخیش لەوە دەکاتەوە کە لیرەی تورکی پێش ھەڵبژاردنەکان بەھاکەی دابەزیبوو، بەڵام دوای ھەڵبژاردنەکان بەھاکەی کەمێک بەرزبووەتەوە.
بەرلە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، ٨٥٠ لیرەی تورکی بەرامبەر بوو بە ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی و سێ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار تمەن-ی ئێرانی بەرامبەر بوو بە ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی، بەڵام دوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، ٨٢٥ لیرەی تورکی بەرامبەر ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی و، دوو ملیۆن و ٣٥٠ ھەزار تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە ١٠٠ دۆلاری ئەمریكییه.
رەمزی محەمەد، کاسبکاری لە بازاڕی دراو لەمبارەیەوە وتی: ”ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کاریگەرییەکی لاوەکی دروستکردووە کە ئەوەش بە لێکدانەوەی خەڵکەکەیە، رەنگە ئەم لێکدانەوانە راست نەبێت، بۆ نموونە خەڵک ھەیە بۆچوونی وایە کە سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا، جۆ بایدن نەرمییەکی زۆر دەنوێنێت بەرامبەر حکوومەتی ئێران دەربارەی کێشەی ئەتۆمی، ھەر بۆیەش تمەن کەمێک بەرزبووەتەوە”.
رەمزی محەمەد وتیشی: ”سەبارەت بە لیرەی تورکی، جۆ بایدن وا خۆی نیشان دەدات کە ئەو دەتوانێت کاریگەری ھەبێت لەسەر سیاسەتی تورکیا، چ لە دەرەوە و چ لەناوەوە بۆیەش لیرەی تورکی دابەزی، بەڵام بەھۆی گۆڕانکاری لە پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا، دەبینین لیرەی تورکی کەمێک بەھاکەی بەرزبووەتەوە”.
بە وتەی رەمزی محەمەد، بەر لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە سێ ملیۆن و ١٠٠ تومەنی ئێرانی بوو، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ھەڵبژاردنەکان و دوای ھەڵبژاردنەکانیش راستەوخۆ بەھاکەی بەھێزتر بوو، بۆیەش خەڵکێکی زۆر تمەنی کڕی، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەھای تمەن دابەزی.
سەبارەت بە لیرەی تورکی، رەمزی محەمەد وتی: ”لیرەی تورکی بە پێچەوانەوەی تمەن-ە، پێش ھەڵبژاردنەکان بەھاکەی دابەزی بوو، بەڵام دوای ھەڵبژاردنەکان دەبینین بەھاکەی بەرزبووەتەوە، ھەرچەندە جارێ ھیچ شتێک روون نییە، بەڵام خەڵک زیاتر مامەڵە بە تمەن دەکات”.
کاسبکارێکی دیکەی بۆرسە پێیوایە کە خەڵک لێکدانەوەی ھەڵەی بۆ بابەتەکە ھەیە و تا ئێستا جۆ بایدن ھیچ وتارێکی و بەڵێنێکی نەداوە و پێویست ناکات بازرگانان ئەو دۆخە بخوڵقێنن.
سەعدی عەلی لەمبارەیەوە کاسبکار لە بازاڕی دراو وتی: ”دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا تا ئاستێک گۆڕانکاری دروست بوو لە تمەنی ئێرانی و لیرەی تورکی، بە رێژەیەکی بەرچاو، چونکە پێش ھەڵبژاردنەکان ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە سێ ملیۆن و ١٠٠ ھەزار تمەن بوو، بەڵام دوای ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و رێژەکە کەمتر بووەوە و تمەن بەھاکەی بەرزبووەوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی خەڵک تمەنێکی زۆری کڕی، بۆیە ئەمڕۆ جارێکی دیکە تمەن بەھاکەی ھەندێک لەدەستدا”.
سەعدی عەلی وتیشی: ”خەڵک بەخراپی مامەڵە لەگەڵ ھەواڵەکاندا دەکات، بۆ نموونە، گریمان جۆ بایدن بووە سەرۆکی ئەمریکا، ئایا جۆ بایدن ھیچ گوتارێکی پێشکەش کردووە و بەڵێنی داوە؟ ھیچ قسەیەکی کردووە سەبارەت بەسیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران؟ واتا شتێکی نوێ نەبووە، بۆیە باشتر وایە کاتێک خەڵک گوێ لە ھەواڵەکان دەگرێت ئاگاداری بارودۆخەکە بێت و بڕیاری پێشوەختە نەدات”.
یەکێکی دیکە لە کاسبکارانی بازاڕی دراو ئاشکرای دەکات کە ماوەی دوو رۆژ بوو بەھۆی ئەوەی بەھای تمەنی ئێرانی بەرزدەبوویەوە، خەڵکێکی زۆر تمەنی ئێران-یان کڕی بەھیوای قازانجکردن، بەڵام دوای دابەزینی بەھای تمەن، ئەوا ھەموو ئەو خەڵکە تووشی زەرەر بوون و لەمبارەیەوە وتی: ”دوای ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، خەڵکێکی زۆر تمەنی کڕی و خەڵک ھەیە خانوو یان ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە و پارەکەی بە تمەنداوە و ئێستاش تمەن بەھاکەی لەدەستداوە و تووشی زەرەر بووە بەجۆرێک لە ھەر ١٠ ھەزار دۆلار، نیوەی زیاتر زەرەر بووە و ئەمەش چەندین کێشەی لێ دەکەوێتەوە”.
ئەوەش دەخاتەڕوو کە خەڵک لە ھەر جێگایەک گوێیان لە قسەیەک بێت ئەوا راستەوخۆ روو لە بازاڕ دەکەن و جۆرەکانی دراو دەکڕن بەبێ ئەوەی بزانن بەھای ئەم دراوە چ گۆڕانکارییەکی بەسەردێت، بۆیە باشتر وایە ئەگەر زۆر زەروور نەبوو، ھیچ دراوێک نەکڕن”.