یاهوو كۆمپانیای “تومبلر”ی كڕی

دەستەی بەڕێوەبەری یاهوو، یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیاكانی ئینتەرنێتی جیهان، كڕینی بلۆگ‌و تۆڕی كۆمەڵایەتی تومبلر (Tumblr)ی بە بڕی 1.1 ملیار دۆلار پەسەند كرد. یاهوو بۆ بۆ ركابەریی لەگەڵ كۆمپانیاكانی گوگڵ، فەیسبوك‌و تویتر، ئەم ماڵپەڕەی كڕی كە بنكەكەی لە نیویۆركە‌و زۆربەی كاربەرانی گەنجن.
بەجێبەجێكردنی ئەم مامەڵەیە، دەبێتە گەورەترین پرۆژەی خاتوو ماریسا مایەر، بەرێوەبەری گشتی كۆمپانیای یاهوو. خاتوو مایەر كە تەمەنی 37 ساڵە‌و پێشتر یەكێك لە بەڕێوەبەرانی گوگڵ بووە لەماوەی نزیك بە ساڵێكدا كە بە یاهوو پەیوەست بووە چەندین مامەڵەی دیكەی ئەنجامداوە، بەڵام پرۆژەی كڕینی “تومبلر” گەورەترین مامەڵەیە. چاودێران پێیانوایە یاهوو بە گرێنی تومبلر لەهەوڵی ئەوەدایە بەشێوەیەكی ئەكتیڤتر لە تۆڕِە كۆمەڵایەتییەكاندا بەشداری بكات‌و بتوانێت كاربەرانی گەنجی گوگڵ، فەیسبوك‌و تویتر بەرەو لای خۆی رابكێشێت.