ڤاكسینەكەی كۆمپانیای فایزەر نرخی نەوت و بۆرسەكانی ئەوروپای بەرز كردەوە

لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا هەردوو كۆمپانیای فایزەر و بیۆتنیك سەركەوتنی بەرچاوی سێیەم قۆناغی تاقیكردنەوەی پەرەپێدانی ڤاكسینێكیان راگەیاند، هاوكات رێكخراوی تەندروستی جیهانی دووپاتی لە گرنگی ئەنجامەكانی تاقیكردنەوەكە كردەوە، دوای ئەوە بۆرسەكانی دنیا و نرخی نەوت روویان لە هەڵكشان كرد.

دوای ئەوەی دوو كۆمپانیاكە راگەیاندنەكەیان لەبارەی ڤاكسینەكە بڵاو كردەوە، تیدروس ئەدهانۆم گیبریسۆس، بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە تویتێك نووسیویەتی، پێشوازی لە هەواڵە هاندەرەكەی فایزەر و بیوتنیك دەكەین، سڵاو بۆ هەموو زانایان و كۆمپانیاكانی دنیا رەوانە دەكەین، ئەوانەی پەرە بە ئامرازی نوێ و سەلامەت دەدەن بۆ زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا، دنیا داهێنانی بێ وێنە و هاوكاری بەخۆیەوە دەبینێ بۆ كۆتاهێنان بە پەتاكە.

دوای راگەیاندنی ئەو دوو كۆمپانیایە لەبارەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانیان و دووپاتكردنەوەی رێكخراوەكە، بۆرسە و بازاڕی دراوی ئەوروپا بە رێژەی زیاتر لە 5% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، لەوانە لە پاریس و فرانكفۆرت و میلانۆ و لە لەندەنیش بە رێژەی 3.29 بەرز بووەوە. 

لە تاقیكردنەوەكانی فایزەر و بیۆتنیك دەركەوت ڤاكسینەكە كاریگەریی مەترسیداری لابەلای نییە، لایەنی پێوەندیداریش بە مۆڵەتدانی ڤاكسینەكان رایان گەیاندبوو كە هەر ڤاكسینێك بە رێژەی 50% بۆ سەرەوە سەلامەت و كاریگەر بێت، ئەوان مۆڵەتی بەكارهێنانی پێ دەدەن، بۆیە ئەمڕۆ رێژەوی كاریگەری ڤاكسینەكەی فایزەر گەیشتە 90%.

ئەلبێرت بۆرلا، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی فایزەر گوتی، لە كاتێكی گرنگ گەیشتین بەو ئەنجامە كە دنیا ژمارەیەكی پێوانەیی تووشبوون تۆمار دەكات و دامەزراوە پزیشكییەكان گەیشتوونەتە ئاستی ئەوپەڕی توانایان.

تا ئێستا ئەو دوو كۆمپانیایە لە قۆناغی شیكردنەوەی داتاكانن، كە تەواوبوونی ئەو كارەیش تا سێیەم هەفتەی ئەم مانگەی پێویستە و دوای ئەوە بە پەلە داوای مۆڵەتدان دەكرێت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێ یەكەم ژەمی ڤاكسینەكە لە كۆتایی 2020 بۆ كارمەندانی تەندروستی بدرێت، كە بەپێی دوو كۆمپانیاكە تا كۆتایی 2020 نزیكەی 50 ملیۆن ژەم ئامادە دەبێ و لە 2021یش 1.3 ملیار ژەمی تر ئامادە دەكەن.  

وەك وترا دوای راگەیاندنەكەی فایزەر و بیۆتنیك، بۆرسەكانی ئەوروپا و نرخی نەوت بەرز بووەوە، هەروەها پشەكەكانی فایزەر بە رێژەی 15% بەرز بووەتەوە، رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”، ئاماژەی كرد كە بازاڕی ئەمەریكا ئامادەسازی بۆ بەهێزترین كردنەوە لە ماوەی چەند مانگێك دەكات، هۆكارەكەیشی پێوەستە بە هەریەك لە هەواڵی سەبارەت بە ڤاكسینەكە و بردنەوەی جۆ بایدنە.

لەوكاتەی بەهای گرێبەستەكانی داهاتووی پێوەست بە پێوەری ستاندارد ئاند بۆرز بە رێژەی 4.4% و هی پێوەری داوجۆنزی پیشەسازی 5.9% بەرز بووەوە، نرخی گرێبەستەكانی داهاتووی خاوی برێنت چوار دۆلار بەسەر كەوت و گەیشتە 43.45 دۆلار بۆ بەرمیلێك.