پارێزگاری سلێمانی داوا لەهاوڵاتییان دەکات، هەرکەسێک لای خۆیەوە لەماڵ و کۆڵان و گەڕەکەکەی خۆیەوە دەست بەچاندنی نەمامێک بکات.
هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، وەک پارێزگای سلێمانی، بەردەوام لە هەوڵی زیاترکردنی ڕووبەری سەوزایی و پاراستنی ژینگەو خاک و ئاوو چارەسەرکردنی خۆڵوخاشاک و ئاوی قورس و بەکارهێنان و پەرەپێدانی وزەی پاک و کەرەستەی گونجاوو جوانکردن و باشکردن و چاکردنی پارێزگاکەدان.
وتیشی: سوپاسێکی بێهاوتامان هەیە بۆ هەموو ئەو ئەندازیارو باخەوان و دارەوان و جوتیارو کرێکارو کارمەندو کەس و ڕێکخراوو دەستەو دامەزراوەی دەوڵەتیی و نەمامگاو شەتڵگاو گوڵخانەو کۆمپانیایانەی؛ کە هەمیشە خۆنەویستانەو خۆبەخشانەو خەمخۆرانە، بۆ گەشەپێدانی زیاترو سەوزکردن و پاراستنی ڕووبەری زیاتری پارێزگاکەمان؛ لەگەڵماندان.
دەشڵێت: ئەمڕۆ، وەک هەمیشە لەسەر ئەرکی پارێزگای سلێمانی هەڵمەتێکی تەواوکاریی نەمامچاندن دەستپێدەکەینەوە، دەخوازم هەموومان لە ماڵەکانی خۆمان و لە کۆڵان و گەڕەکەکانی خۆمانەوە دەستپێبکەین و بەردەوام بین، تا هەر پنتێکی ئەم پارێزگاو نیشتمان و گەردوونە سەوز بکەین.
ئەوەشی وت: ئێمە ئەمە تەنها لەبەرئەوە ناکەین، کە لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٨وە سلێمانیمان کردۆتە ئەندام لە پەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ وزە نوێکان و کەشوهەوا لە ئەوروپاو، خاوەنی یەکەم ماستەرپلانی پەسەندکراوی یەکێتیی ئەوروپاو ڕێکخراوی UNDPین لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا، بەڵکو باوەڕی تەواومان بە پاراستنی ژینگەو دروستکردنی زەمینەی لەباری ژیان و بنیاتنانی زانستییانەو ئەندازەییانەو هونەرییانەی شارو ئاوەدانیی و گوندو لادێکانمان هەیە.