بەهۆی كۆرۆناوە ژمارەی گەشتە ئاسمانییەكان لە جیهاندا دابەزینێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، لە ڕاپۆرتێكدا دەركەوتووە لە نۆ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا ئەو كۆمپانیایانەی لەبواری فڕۆكەوانی لە وڵاتە عەرەبییەكان كاردەكەن 38 ملیار دۆلار زیانیان پێگەیشتووە.
لیژنەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ئابوری و كۆمەڵایەتیی ڕۆژئاوای ئاسیا بە هەماهەنگیی كۆنگرەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان ئەمڕۆ شەممە 7ی تشرینی دووەم توێژینەوەیەكی لەبارەی زیانەكانی كۆرۆنا بڵاوكردووەتەوە.
لەو توێژینەوەیەدا ئاشكراكراوە، لە كەرتی گەشتیاریی ئاسمانیی وڵاتانی عەرەبیدا ئەمساڵ 154 ملیۆن گەشتیار كەمیان كردووە.
هەروەها لەبارەی زیانەكانی ئەو كەرتەوە توێژینەوەكە دەریخستووە، بڕی ئەو زیانەی بەر ئەو كۆمپانیایانە كەوتووە كە لەبواری فڕۆكەوانیی شارستانی كاردەكەن گەیشتووەتە 38 ملیار دۆلار تەنها لە نۆ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، پێشبینی ئەوەشكراوە تا 2023 بارودۆخی گەشتە ئاسمانییەكان ئاسایی نەبنەوە.
یەكێك لەو كەرتانەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زیانی گەورەی پێگەیشتووە، كەرتی فڕۆكەوانی و گەشتە ئاسمانییەكانە لە جیهان.