ناسر حسێن بەندەر شبلی وەزیری گواستنەوەی عیراق، فەرمان بە لیژنەی ترانزێت دەكات لەماوەی هەفتەیەك یان دوو هەفتە، مەرجەكان دابنێت، داهاتی ڕۆژانەی تێپەڕینی فڕۆكەكانیش بەسەر ئاسمانی وڵاتدا بە 117 هەزار دۆلار دیاریی دەكات.
ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی دەنگوباسی (العراقیە) لە زاری شبلییەوە بڵاویكردەوە”وەزارەتی گواستنەوەی لە قۆناغی تاوتوێكردنی ترانزێتە، بۆیە تائێستا ئەو پارانە ئەژمارنەكراون كە دەوڵەت دەیانبات، لەو بارەیەشەوە كۆبوونەوەی یەكەمیان لەگەڵ لیژنەی تراتزێت كردووە، بۆ تاوتوێكردنی بابەتەكە و بەپێویستییان زانیوە لەماوەی هەفتەیەك یان دوو هەفتە، دۆسێكە یەكلایی بكرێتەوە”.
بە وتەی وەزیری گواستنەوەی عیراق”كرێی هەر فڕۆكەیەك كە بەسەر كایەی ئاسمانی عیراقدا تێدەپەڕێت، دەگاتە 450 دۆلار، ژمارەی ئەو فڕۆكانەی بەسەر كایەی ئاسمانی عیراقیشدا تێدەپەڕن لە یەك ڕۆژدا دەگاتە 260 فڕۆكە و هەندێك جاریش زیاترە، كۆمپانیای هێڵی ئاسمانیش بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی كایەی ئاسمانی عیراقی”.
پێشتر حسێن بەندەر شبلی وەزیری گواستنەوەی عیراق، بەگەڕخستنی ترانزێتی وشكانی و ئاسمانی لە عیراق ڕاگەیاندبوو.