دوای ئەوەی کە دەنگدان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کۆتایی هات و پرۆسەی بژاردنی دەنگەکان بەردەوامی هەیە، دیاری نەکردنی لایەنی سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکە کاریگەریی کردۆتە سەر نرخی دراوەکان لە سلێمانی.
لەئێستادا لە بازاڕەکانی سلێمانی نرخی تمەنی ئێرانی و دۆلاری ئەمریکی بەهۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاوە نرخەکانیان یاری دەکات.
هۆشیار غەریب ٣٦ ساڵ لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات هەڵبژاردنی کاریگەریی هەبووە لەسەر تمەن و دەڵێت ”ئەم بەیانییە نرخی تمەن بەهاکەی لەدەستداوە و بەردەوام بەرز و نزم دەکات، تاوەکو ئەوکاتەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەردەکەوێت، ئەم بەرزو نزمیە بەردەوام دەبێت”.
لەبەرامبەر هۆکاری ئەو دابەزین و بەرزبوونەوەیە و چۆنیەتی کارتێکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەسەر نرخی تمەن، ،هۆشیار ئاماژەی بەوەدا کە ترەمپ بەوە ناسراوە کە سزای زیاتر دەخاتە سەر ئێران و بەمەش بەهای تمەن دادەبەزێت، بۆیە خەڵک ئەوەی کە تمەنی هەڵگرتووە دێت و دەیفرۆشێتەوە بۆی زیاتر زیان نەکات، هەرکاتێکیش بایدن دەرچێت نرخی تمەن زیاد دەکات، چونکە خەڵک زیاتری لێدەکڕێت بەهۆی ئەوەی نرخەکەی دوای لابردنی گەمارۆکان بەرزدەبێتەوەو بەنیازی قازانجێکی زۆرن.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە دوای هەڵبژاردنەکەوە لەکاتی هەژمارکردنی دەنگەکانی کاندیدی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ و کاندیدی دیموکراتەکان، جۆ بایدن چەندین جار گۆڕانکاری بەسەر دەنگەکاندا هاتووەو کێبڕکێیەکی توند لەنێوانیاندا هەیە.
سەبارەت بە نرخی دۆلار بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە هیچ گۆرانکاریەکی وەهای نەکردووە رۆژانە لە ٦٠٠ دیناری عێراقی بۆ ٧٥٠ دینار بەهای ١٠٠ دۆلار دەگۆڕێت .
هاوکات بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەم ماوەیەی پێشوودا، بۆئەوە دەگەڕێندرێتەوە کە حکوومەتی عێراقی جاران بڕێکی زۆر دۆلاری دەخستە بازاڕەکانەوە بۆ دابەزاندنی نرخەکەی، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی مووچە و قەیرانی داراییەوە ئەو بڕە دۆلارە ناخاتە بازاڕەوەو ئەمەش کاریگەری کردۆتە سەر نرخەکەی و بۆ ١٢٥-١٢٦ هەزار بەرزبۆتەوە.