سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پڕۆژەی شاری پیشەسازی عەربەت سەردانی پارێزگای سلێمانی كرد.
د.محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم سەردانی پارێزگای سلێمانی كرد و لەگەڵ د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەبەرهێنان ئەو كۆمپانیایانە ئەنجامدا كە بەشدارن لە بەگەڕخستنەوەی گەشەپێدانی شاری پیشەسازی عەربەت.
پڕۆژەكە لەسەر ڕووبەری 2750 دۆنم بونیاتدەنرێت و ماوەیەكی زۆرە بەهۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیدا وەستاوە و زیاتر لە 280 كارخانەی جۆراوجۆر لە خۆدەگرێت كە لە 80%یان پشت دەبەستن بە بەرهەمهێنانی بەرهەمی ناوخۆ و بەرهەمە خۆراكییەكان بەرهەمدەهێنن.
هەروەها چەندین پڕۆژەی ستراتیژی وەك كارخانەكانی پترۆكیمیاوی لەخۆدەگرێت، كە ئەمەش لە مێژووی كوردستان و عیراقدا تا ئێستا دروست نەكراون.
سەرەتای پڕۆژەكە 15 هەزار هەلی كار لە خۆدەگرێت و دوای تەواوبوونیشی زیاتر لە 30 هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێت.
هاتنی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو گیروگرفتانەبوو كە لەماوەی قەیرانی داراییدا حكومەت نەیتوانیوە كارەكانی ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بكات، بەڵام لەئێستادا وەبەهێنەران بڕیاریانداوە لەسەر بودجەی خۆیان پڕۆژەكە تەواو بكەن و قەرەبووی هەموو ئەو جوتیارانە بكەنەوە كە زەوییەكانیان بۆ پڕۆژەكە بەرهێنراوە.
ئەم دوو خاڵەی كە وەبەرهێنەران خستوویانەتە ئەستۆی خۆیان ڕێگەی خۆشكردووە بۆ ئەوەی دەستەی وەبەرهێنان بتوانێت ئەو پڕۆژە گرنگە بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.